لە کاتێکدا کە عێراق هەوڵ دەدا خۆی لە ئینتیمای هاوردەی وزەیی دەرباز بکات و پێگەی خۆی لە بازاڕی جیهانی نەوتدا بسەلمێنێت، کۆمپانیا گەورە نەوتییەکانی ڕۆژئاوایی وەک تۆتاڵی فەڕەنسی و هالیبۆرتۆن و چەند کۆمپانیای دیکەی ئەمریکایی، دیسانەکە گەڕاونەتەوە سەر پڕۆژە مەزنە نەوتییەکانی باشوور، باکوور و هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەم گەڕانەوەیە لە ئێستادا نە تەنیا ڕەهەندی ئابووریی هەیە، بەڵکوو بە ئاشکرا، نیشانەیەکە لە ڕکابەریی ژێئۆپۆلیتیکییەکی قورس لە نێوان ڕۆژئاوا و بلووکی ڕۆژهەڵات بۆ کۆنتڕۆڵی سەرچاوەگەلی وزەی ناوچە.
پڕۆژەی ئاوگەیاندن لە کەنداوی فارس
لەمناوە کلیلی وەدیهاتنی هەنگاوی بەرزی عێەراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، ڕاپەڕاندنی سەرکەوتووانەی پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی دەریای باشوورە. لەم گەڵاڵەیەدا، کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی بڕیارە ئاوی کەنداوی فارس بگوازێتەوە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی ڕەمیلە، کەرکووک، مەجنوون، زۆبەیر و قەرنەی ڕۆژئاوا، تا بە دەڵاندنی ئاو، گوشار لە خەزێنەکاندا بپارێزرێت و ئاستی دەرهێنانی نەوتی بەرزتر بکات.
پێویستی بە ئیرادە و ژێرخان
عێراق بە هەبوونی نزیکەی 145 ملیارد بەرمیلی نەوت و سەرچاوە پێشبینیکراوەکانی تا 246 ملیارد بەرمیل، پۆتانسیەلێکی باڵای هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی. ئەوە لە کاتێکدایە کە گەندەڵی ئیداری، بێپلانەیی و کشانەوەی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو گەورەترین ئاستەنگ بوون بۆ وەدیهاتنی پلانە گەشەییەکان لەو وڵاتەدا. هەر بۆیە لە ئێستادا کە دەرگای کارەبای ئێران بە هۆی گەمارۆکانی ئێران بەڕووی عێراقدا دادەخرێت، بەغدا ناچارە هەوڵی گەشەدان بە ژێرخانە ناوخۆییەکانی بدات.
گەڕانەوەی بەهێزی ڕۆژئاوا
بیپیی بەریتانیا لە باکووری عێراق و لە نزیکیی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی 25 ملیارد دۆلاریی بۆ گەشەی پێنج کێڵگەی نەوتی دەست پێکردووە و تۆتاڵی فەڕەنسیش لە باشووری ئەو وڵاتە پڕۆژەیەکی 27 ملیاردیی لە چوار تەوەری گاز، نەوت، کارەبا و ئاو وەڕێ خستووە و کۆمپانیاکانی ئێچ.کی.ئێن و وێستێرن زاگرۆسی ئەمریکاییش گرێبەستێکی بە بایەخی 110 ملیارد دۆلاریان بۆ گەشەدان بە کێڵگەکانی میران و تۆپخانە لە هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە.
هەرێمی کوردستان مەیدانی ڕکابەریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا
لە کاتێکدا کە ئەمریکا هەوڵ دەدا پێش بە دزەکردنی کۆمپانیا نەوتییە چین و ڕووسییەکان لە هەرێمی کوردستان بگرێت، ئەو دوو وڵاتەش بەدوای ئاوێتەکردنی هەرێم لە پێکهاتە بەغداوەن و ڕۆژئاوا لە پڕۆژە نەوتییەکانی عێراق بسڕنەوە.
کێڵگەی ڕەمیلە؛ هێڵی پێشەوەی ڕۆژئاوا
هەر ئێستا کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراق(IDC) بە هاوکاریی کۆمپانیای هالیبۆرتۆنی ئەمریکا و بەسرە ئێنێرژیی بەریتانیا و پێترۆی چینی، خەریکی هەڵکەندنی 15 چاڵە نەوت لە کێڵگەی ڕەمیلەی باکوورین. ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە، بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە 1.2 ملیۆن بۆ 2،1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا، بە مەرجی ڕاپەڕاندنی سەرکەوتووانەی دەڵاندنی ئاون.
Your Comment