٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٠ - ١٤:٥٣
تورکیا خۆی بۆ هێرش کردنە سەر کوردی سووریا لە عەین عیسا ئامادە دەکات

هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە کە گرووپە چەکدارییە سوورییەکانی سەر بە تورکیا لەڕێگای نێودەوڵەتی M4 خەریکی سەنگەرسازی و درووستکردنی بنکەی سەربازین.

به پیی هه وال ده ریی ئالو به یت(ع) ـ ابنا ـ لەبەیاننامەکەی هەسەدەدا هاتووە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا شارۆچکەی عەین عیسا و دەوروبەری کەوتوونەتە بەر بۆردوومانێکی توندی تۆپخانەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارییە سورییەکان و لەهێرشەکەشدا ماڵ و موڵکی خەڵکی مەدەنی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەئامانجگیراون.

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەی هەسەدەدا هاتووە: " لەمدواییە هێزە چەکدارییە سوورییەکانی سەر بە تورکیا جموجۆڵەکانیان لەدەوروبەری عەین عیسا زیادی کردووە و هێزێکی زۆریان لەناوچەکە گرد کردۆتەوە.

هەرچەندە لە شارۆچکەکە چەند خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی حکوومەتی سوریا و بنکەیەکی سەربازیی روسیای لێیە، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ناوچەکە.

هەربۆیە رۆژی چوارشەممەی رابردوو دانیشتووانی شارۆچکەکە لەبەردەم بنکە سەربازییەکەی رووسیا خۆپیشاندانیان کرد و نارەزایەتیان بەرانبەر بە بێدەنگی روسیا لە هێرشەکانی تورکیا دەربڕی.

رۆژی ٢٤ ی ئەم مانگە، لەکاتی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە تورکیا بۆسەر گوندێکی دەوروبەری عەین عیسا ١٨ چەکداریان لەبۆسەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کوژرا و بەناچاری لەناوچەکە پاشەکشەیان کرد.