٢ ئایار ٢٠٢٥ - ٠٠:٤٠
Source: Mehrnews
نامەی جۆلانی بۆ ترامپ؛ سووریا دەبێتە ئەندامی پەیمانی "ئابراهام"؟

نامەنووسینی جۆلانی بۆ ترامپ و ئامادەیی دەربڕینی بۆ تەڤڵبوونی پەیمانی "ئابراهام"، نیشاندەری تێگەیشتنی هەلەی کاربەدەستانی نوێی سووریا و دڵخۆشیان بە بەڵێنە ئەورووپی-ئەمریکاییەکانە.

بەشی نێودەوڵەتی: ئەزموونی ژیانی وڵاتانی ڕۆژائاوی ئاسیا و باکووری ئەمریکا بە ئامادەبوونی داگیرکارانەی ڕژیمی زایۆنی، ئەو وانەیەی پێداون کە زایۆنییەکان هەر کات سینگالێکیان لە ئەکتەرێکی لاوازەوە بگاتە گوێ، یەکسەر ددانیان بۆ تەفروتوناکردنی شوناسی سیاسی و داگیرکردنی تیژ دەکەن. ئەم لۆژیکە کە بە "لۆژیکی زۆرە ملێ" ناسراوە، بۆتە هۆی ئەوەی لە ماوەی 8 دەیەی ڕابردوو ولاتانێکی وەک میسر، ئۆردۆن، سووریا، لوبنان و تەنانەت یەمەن لە بابەتی ناکۆکی لە سەر بەشێک لە خاکیان لەگەڵ تلاڤیڤ تووشی گرفتی جیدی بێن.

بۆ نمونە هەر لە یەکەم ڕۆژانی ڕووخانی دەوڵەتی بەشار، بنیامین نتانیاهۆ بە بڵاوکردنەوەی ڤیدئۆیەک لە بەرزاییەکانی گوڵان، بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە ڕێککەوتنی 1974ی لەگەڵ سووریا چۆتە دەرێ و بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەی دەرەکی لە دژی ئیسرایتل، هەموو هەنگاوێکی پێویست هەڵدەگرێت. کەچی بەوەشەوە هێندەی نەبرد کە هێزەکانی زایۆنی پاش داگیرکردنی بەرزاییەکانی حەرمون، بە تانکەوە ڕوویان لە پاریزگای قەنیترە نا و ئێستاش لە پاریزگای سوەیدا خەریکی ئاژاوەنانەوەی و هاندانی درۆزییەکانی بۆ جیابوونە لە سووریان.

کەچی ئیستا محەمەد جۆلانی پاش نزیکەی 500 هێرشی ئامانجداری فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و بورمانکرانی زیاتر لە سەدا 90ی دامەزراوە سەربازی و بەرگرییەکانی سووریا، لە دیداری نوێنەرانی کۆنگریسی، ئامادەیی خۆی بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل و تەڤڵبوونی بە پەیمانی "ئابراهام" ڕادەگەیێنێت.

لە گەمارۆکانی سزار تا پەیمانی ئابراهام

پێنج‌شەممە 24ی ئایپریل، کۆڕی میلز نوێنەری کۆماریخوازی کۆنگریسی ئەمریکا پاش دیداری لەگەڵ جۆلانی، ڕایگەیاند کە سووریا بەدوای ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلە؛ دیدارێک کە پێدەچێ لە پێناو سڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و تەڤڵبوونی سووریا بە پەیمانی ئابراهام ئەنجام درابێت.

ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکانی تلاڤیڤ-دیمەشق وەک بوومەلەرزەیەکی سیاسی دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕانی ڕیسای ئەمنیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بوونی سووریا، لوبنان و کەرتی غەزە ببووە هۆی ئەوەی ڕژیمی زایۆنی بەرەوڕووی "ئاڵقەی ئاگر" ببێتەوە و ئێستا بە ڕووخانی دەوڵەتی پێشووی سووریا و تەرکیزی حزبوڵڵا لە سەر پرسی ناوخۆیی لوبنان، ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕیسای ئەمنی-سیاسیی ناوچەکە بە یەکجاری بگۆڕێت.

لەو سۆنگەوە هەندێک لە کارناسان لەو باوەڕەدان کە ئەگەر پڕۆسەی تەڤڵبوونی سووریا بە پەیمانی ئابراهام سەرکەوتووانە بگاتە ئەنجام، ئەگەری ئەوە هەیە کە لوبنانی ژێر دەسەڵاتی عەون، بەربژێری دواتری تەڤڵبوونی ئەو پەیمانە بێت. ئینجا لە ئەگەری وەدی‌هاتنی ئەو سناریۆیە، گرووپەکانی بەرخۆدان تووشی دۆخێکی زۆر ئاڵۆز دێن و دەکەونە قەیرانێکی نەخوازراو و درێژخایەن لەگەڵ هێزە سیاسییە ناهاوئاراستەکان.

لە لایەکی ترەوە نتانیاهۆ بە کەڵک‌ئاوەژوویی لە باڵی ڕاستی کۆشکی سپی، دەیەوێ کۆشکی سپی بهێنیتە نێو یاریی گۆڕینی ڕیسای ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پەرەدان بە سەرزەوینەکانی ڕژیمی زایۆنی. لەمناوەش بە گوێرەی کارناسان ئامادەیی ڕاگەیاندنی جۆلانی بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تلاڤیڤ، بێ گومان "هەڵەیەکی ستراتژیکە" کە هیچکات لە لایەن ئیسرائیلەوە بە هەند وەرناگیرێت. چونکە ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە زایۆنییەکان زیاتر لەوەی بە دوای ئاشتەوایی لەگەڵ وڵاتانی ئسیلامییەوە بن، بە دوای وەدیهێنانی خەونی سەروەریی "لە نیل تا فورات" دەبینن.

دواقسە

نامەنووسین بۆ ترامپ وئامادەیی دەربڕینی جۆلانی بۆ تەڤڵبوونی بە پەیمانی ئابراهام، بە هیوای کشانەوەی زایۆنییەکان لە خاکی سووریا، زیاتر لەوەی هاوسەنگی واقیعی ئەمڕۆیین بێت، نیشاندەری تێگەیشتنی هەڵەی دەسەڵاتدارنی نوێی سووریا و دڵخۆشیان بە بەڵینەکانی ئەورووپا و ئەمریکایە.

342/

Your Comment

You are replying to: .
captcha