١٢ کانونی یەکەم ٢٠٢٢ - ١٧:٠٧
سودانی بەشداریی کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکات

شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق بە ئامادەبونی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەشدا گفتوگۆ لە بارەی گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و کارنامەی حکومەتەوە کرا.

بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەرەتای پێکهاتنیەوە لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەشێوەی خولمەند کۆدەبێتەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی، پەرلەمانی و ئەمنی وڵات.

کۆبونەوەکەی شەوی ڕابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی «فالح فەیاز» سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەڕێوە براوەو تیایدا گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و کارنامەی حکومەتی نوێ گفتوگۆیان لە سەر کراوە.

حکومەتی نوێی عێراق کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهێنەری سەرەکییەتی، بەڵێنی زۆری داوە بە هاوڵاتیانی ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، هەروەها خۆی خستوەتەژێرباری بەڵێنی گەورە بە کورد و سوننەکان، بۆیە لەم کاتەدا هەمو چاوەکان لەسەر کارنامە و هەنگاوی داهاتوی ئەو هاوپەیمانیەن.

342/