بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - کۆنگرەکەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، کە لە 57 دەوڵەت پێکهاتوون و زۆرینەیان وڵاتانی موسوڵمانن، بە یەکەم کۆنگرەی بەرفراوانی وڵاتان دادەنرێت تایبەت بە دۆخی ئەفغانستان لەدوای گرتنەوەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە.
لەدوای گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، وڵاتان ملیاران دۆلاری هاوکاریکردنی ئەو وڵاتەیان ڕاگرت، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتەدا دروستکردووە، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە “ئەفغانستان ڕووبەڕووی خراپترین کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە لە جیهاندا”، هەروەها بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) هۆشداریی ئەگەری برسێتییەکی مەترسیدار دەدات لە ئەفغانستان.
ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لەناو نوێنەری ئەو وڵاتانەدا دەبێت کە لە کۆنگرەکەدا ئامادەن، سەرەڕای نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا، ڕوسیا و چین، ئەمە لەکاتێکدا تائێستا ئەو وڵاتانە دانیاننەناوە بە حکومەتەکەی تاڵیباندا.
342/