٣ تشرینی دووەم ٢٠٢١ - ١١:٥٤
هەڵوێستی پارتی لە سەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەتی عێراق لە لایەن مالیکی

پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتوی عێراق لەلایەن نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕاگەیاند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا ڕێبین سەلام مامۆستای زانکۆ و کادیری پارتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەپێگەی "مەعلومە"ی وتوه‌، ئەوان هێڵی سوریان بەرامبەر بەهیچ کەسایەتییەکی شیعی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق نییە.

ئه‌و كادیره‌ی پارتى جەختیشیکردۆتەوە، لەگەڵ لەیەکتێگەیشتن‌و ڕێککەوتنی ناوماڵی شیعەدان.

بەوتەی سەلام، "پارتی هێڵی سوری بەرامبەر بەنوری مالیکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو نییەو ئەو پارتە پشتیوانی هەموو جۆرە بڕیارێک دەکات کە لەناو ماڵی شیعییەوە دەربچێت‌و ئێمه‌ش دژایەتی هیچ ڕێککەوتن‌و گفتوگۆیەک لەنێوان سەدرو مالیکی ناکەین".

ئەوەشی وت:"پارتی دیموکراتی کوردستان هیواخوازەو هەوڵیشدەدات جارێکی تر ناوماڵی یەکگرتوی شیعە دروستبێتەوە".

لەماوەی ڕابردودا موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر داوایکرد، حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی پێکبهێنرێت‌و لەناو پەڕلەمانیشدا دوو کوتلە دروستبکرێن کە یەکێکیان سەر بەدەسەڵات‌و ئەوەی تریشیان ئۆپۆزیسیۆن بێت.

342/