٥ ئاب ٢٠٢٠ - ١٠:٣٠
 ئاماری شەهید و بریندارانی تەقینەوەکانی لوبنان

ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئابی 2020 لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دوو تەقینەوەی بەهێز روویاندا، بەهۆیانەوە، جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی زۆریی ماددی کەوتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار کەس لە تەقینەوەکانی بەیرووتدا برینداربوون و زیاتر لە 50 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئابی 2020 لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دوو تەقینەوەی بەهێز روویاندا، بەهۆیانەوە، جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی زۆریی ماددی کەوتەوە.

لە تەقینەوەکاندا نزار نەجاریان، سکرتێری گشتیی حیزبی کەتائیبی لوبنان دوای برینداربوونی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

میشێل عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان داوایکرد ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی باڵای بەرگری بەڕێوەبچێت. رێنماییشی دایە سەرجەم هێزە چەکدارەکان کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی ئەو تەقینەوە گەورەیە و هێزەکانیان لە گەڕەکە وێرانبووەکان بگەڕێن بۆ تووندوتۆڵکردنی ئاسایش.

هەروەها سەرۆکی لوبنان داوایکرد فریاگوزاریی بەپەلە پێشکەشی برینداران بکرێت و شوێن بۆ ئەو خێزانانەن دابینبکرێت، کە بەهۆی ئەو تەقینەوانە زیانیان پێگەیشتووە .

هاوکات حەسەن دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رۆژی چوارشەممە 5ی ئابی 2020ی کردە رۆژی ماتەمینیی نیشتمانی لەو وڵاتە.

میدیاکانی لوبنان لە زاری خەڵکی بەیرووتەوە باسیان لەوە کردووە کە تەقینەوەکان هێندە بەهێزبوون باڵەخانە دوورەکانیش زیانیان بەرکەوتووە. میدیاکارێک باسی لەوە کردووە کە بەسەر شەقامێکدا رۆشتووە و لەکاتی تەقینەوەکەدا کەوتووە بە زەویدا.

تاوەکو ئێستاش هۆکاری تەقینەوەکان دیارنییە.