AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
شەممە

١٦ ئازار ٢٠٢٤

٨:٠٧:١٣ د.ن
1444941

هەرگیز خەڵک وەک ئێستا لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تووڕە نەبووە

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە "نزیکەی سی ساڵە هەرگیز هەرێمی کوردستان شەپۆلی وا بێزاری و تووڕەیی بەرانبەر حزبەکان و دەسەڵات بەخۆوە نەدیتووە".

محەمەد خۆشناو، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نووسینێکدا دەڵێت:"ئێستا قسەی سەرزاری خەڵکی هەمووی لەسەر بابەتی مووچەیە، ئەوبابەتە لەو ژیانەی کە ئێستا تێیدا دەژین زۆر بەئازارە، بەئازارە چونکە بژێوی ژیانە. "دەشڵێت: "ژیانێک لەنێو بێکاری و بەرزی نرخ و بێبازاڕی و گوشاری ئەملاوئەولای ئابووری، هەر باسی خەراپی کوالێتی خۆراک و شتومەک مەکە، ئەگەر ئەو بایەعەی حکوومەتی عێراق نەبا کارەسات ڕوویدەدا".

دەشڵێت :"ئەوە نزیکەی سی ساڵە هەرگیز هەرێمی کوردستان شەپۆلی وا بێزاری و تووڕەیی بەرانبەر حزبەکان و دەسەڵات بەخۆوە نەدیتووە ، خێرا بەشەڕ دێین و هاتوهاوار دەکەین و تاوان لەسەر شتێکی زۆر بچووک ئەنجامدەدەین."

ئەوەشی وتووە کە بەقسەی هەندێک لە پسپۆرانی ئابووری «ئابووری و دراو» وەک ئۆکسجینە کە دەتوانرێت بازاڕ ببوژێنێتەوە و ، جارێکی تر هاوسەنگی و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە ، خەریکە ئەو ئۆکسجینە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو چینەکە بەرەو کەمی دەچێت ، کەچی لەکن هەندێکان بێخەوشە ، ئەمەیە هۆکاری سەرەکی تووڕەیی و بێزاریی و نەمانی متمانە بە دەسەڵات و حزبەکان .

خەراپترین شت کە نەتەوەیەک یان گەلێک لە گەلان دووچاری دەبن ، بریتیە لە ونبوونی هیوا لە روحی گەنج و لاوانمان ، بەتایبەتی لە دۆخێکی خەراپی ئابووری و بژێوی و بێمتمانەیی و جیاوازی وەک ئێستادا  ، کە هەموو شتێکت لەبەرچاو ڕەش دەبێت و هەناسەسارد دەبیت.

هەروەها لە درێژەی بابەتەکەی چەندین بابەتی گرینگ و ڕۆژەڤی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو.

ئەم بابەتە لە شارپرێس بە گشتی دانراوە.


342/