بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ئێن ئار تی، لەڕۆژانی ڕابردوودا داعش پەلامارەکانی بەتایبەت لە ناوچەی خانەقین و جەلەولا لە پارێزگای دیالەو هەروەها ناوچەکانی پارێزگای کەرک و سەلاحەدین پەرەپێداوەو تائێستا ژمارێکی زۆر لە هێزە عێراقییەکان وهێزی پێشمەرگەو شارومەندانی سیڤیل لەو پەلامارانەدا گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون.
پاش تەشەنای ئەو پەلامارانە ئەمڕۆ شەممە "عەبدولئەمیر ڕەشید" جێگری فەرماندەری ئەرکانی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی سوپای عێراق ڕایگەیاند، قۆناخی حەوتەم لە ئۆپراسیۆنی ئیرادەی سەرکەوتن بۆ پاکتاوکردنی پاشماوەکانی داعش، بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، لە سێ پارێزگای کەرکوک، سەلاحەدین و دیالە دەسپێبووە.
بەپێی ئەو هەواڵە، ئەو ئۆپراسیۆنە لەچوار میحوەر و بەپاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای عێراق و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانیی دژبەداعش ئەنجام دەگرێ.
عەبدولئەمیر ڕەشید پێی داگرت، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەموو ناوچەو گوندەکانی ئەو سێ پارێزگایە بەمەبەستی قۆڵبەست کرانی دەس و پێوەندییەکانی داعش و ترۆریستانی دیکەی داواکراو بەتەواوەتی دەخرێنە ژێر چاودێریی و کۆنترۆڵ.
پێشتریش پاش چوونەسەری ئاستی پەلامارەکانی داعش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیێندراوێکدا وریایی دا لەمەڕ تەشەنای جم و جۆڵی داعش و داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش کرد هەر وەک ڕابردوو بەرەوڕووی ئەو گرووپە ترۆریستییە بێتەوە.
.........
340