١١ ئەیلوول ٢٠١٨ - ١٣:٥٣
 کردەیەکی خۆکوژی ٢٠ کوژراوی لێکەوتەوە

کردەیەکی خۆکوژی لە ھەرێمی نەنگەرھار رۆژھەڵاتی ئەفغانستان روویدا و لە ئاکامدا، ٢٠ کەس کوژران.

ئاژانسی ئەسۆشییەتید پرێس بڵاویکردەوە، فەرماندەی پۆلیسی ھەرێمی نەنگەرھار، جەنەرال غولام سنای ستانیکزای رایگەیاندووە دوای ئەوەی دەیان ھاووڵاتی لە ناوچەی ئەچین بە ئامانجی داخستنی رێگەی سەرەکی نێوان شاری جەلال ئاباد و دەروازەی "تورخام" سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان چوونە ناوچەی موماندارا کەسێکی خۆکوژ بە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی لەناویاندا تەقاندەوە".

غولام سنای ستانیکزای ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی ئامارە بەراییەکان لە ئاکامی کردە خۆکوژیەکە، ٢٠ کەس کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی کردە خۆکوژییەکە، رانەگەیاندووە.