٢٣ تەمووز ٢٠١٨ - ١٣:٤٧
ناسنامەی سێ هێرشبەرەكەمان لە لایە

بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ناسنامەی سێ هێرشبەرەكەیان لە لایەو دواتر بۆ رای گشتی ئاشكرای دەكەن.

تاریق نوری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو كەسانەی ئەمڕۆ دووشەممە هێرشیانكردە سەر بینای پارێزگای هەولێر سێ كەس بوون و هەرسێكیان لە شوێنی رووداوەكە كوژران.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ناسنامەی سێ هێرشبەرەكەمان لە لایەو دواتر بۆ رای گشتی ئاشكرای دەكەین”.

هاوكات لە راگەیەندراوێكدا ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، كاتژمێر 7:12 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ سێ چەكدار هێرشیانكردووەتە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دوای ئەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان رووبەڕووی یەكبوونەتەوە كوژراون.

لە راگەیەندراوەكەی ئاسایشدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئایندەیەكی نزیكدا وردەكاری رووداوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرادەكەن.