ئیبراهیم رەئیسی سەرپەرشتیاری مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد، بەیانیی ئەمڕۆ 6-4-2017 دەستی لە ئەندامێتی لە لیژنەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی ئێران کێشایەوە و کاندیدبوونی خۆی بۆ خولی دوازدەیەمی سەرۆک کۆماریی ئێران راگەیاند.
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع ابنا:ئیبراهیم رەئیس ئەلسادات ناسراو بە "رەئیسی" لە مەلا بناژۆخوازەکان و کەسایەتییەکی نزیک لە رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە.
رەئیسی لەدایکبووی ساڵی 1960ـە. ساڵانی 2014 و 2015 داواکاری گشتیی کۆماری ئیسلامی بووە. پێش ئەوەش بۆ ماوەیەک جێگری سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بووە، هەروەها ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییە.
ساڵی 2016 بە فەرمانی راستەوخۆی رێبەری کۆماری ئیسلامی سەرپەرشتیاریی کاروباری مەزارگەی ئیمامی هەشتەمی شیعەکانی پێسپێردرا، کە ئەو پۆستە لای عەلی خامنەیی گرنگییەکی زۆری هەیە.
سەوڵەت مورتەزەوی، کە ئەمڕۆ وەک نوێنەری رەئیسی، کاندیدبوونی ئەوی راگەیاند، لە زاری رەئیسییەوە سوپاسی ئەو کەسایەتییە باڵایانەی کرد، کە داوایان لەو کردووە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کاندید بکات.
رەئیسی یەکێک لەو کەسانەیە، کە شرۆڤەکارانی کاروباری سیاسیی ئێران، پێیانوایە یەکەم بژاردەی خامنەیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانە، بۆ ئەوەی پاش خامنەیی ببێتە رێبەری ئێران.
پێدەچێت ئیبراهیم رەئیسی گرنگترین کاندیدی بناژۆخوازەکان و بەهێزترین رکابەری حەسەن رۆحانی بێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، کە رۆژی 19ی ئایار بەڕێوەدەچێت