محەممەد پاکپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسداران: لە باکووری عێراق تاوەكو سنووری ئێران حکومەتی عێراق ھیچ کۆنترۆڵێکی نییە
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلوبەیت ع.ابنا: رۆژی دووشەممە 20-2-2017، ھێزی زەمینی سوپای پاسداران مانۆڕێکی دیکەی ئەمنی ئەنجامدەدات و نوێترین رۆکێتەكانی تاقیدەكاتەوە.
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسداران رایگەیاند "رۆژی دووشەممە سوپای پاسداران مانۆڕێکی دیکەی ئەمنی بۆ تاقیکردنەوەی رۆکێتەکانی لە ناوەند و باکووری رۆژھەڵاتی ئیران ئەنجام دەدات".
پاکپوور، لەبارەی مانۆڕەکانی دیکەی سوپای پاسداران دەڵێت، ھەندێک ھێزی دژی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان بە چالاکی کردووە. ناوبراو شەڕی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سوپای پاسدارانی لە شنۆ وەکو یەکەم ھەنگاوی ئەم قۆناخە باسکرد.
فەرماندەکەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارن دەشڵێت، لەودیو سنووری رۆژئاوای ئێران کە ئامانجی ھەرێمی کوردستانە، گەلێک کونسوڵگەری کراونەتەوە و دەیانەوێت گرووپە مردووەکان زیندوو بکەنەوە و لە دژی کۆماری ئیسلامیدا بەکاریان بھێنن.
پاکپوور ھەروەھا گوتی "لە باکووری عێراق تاوەکو دەگاتە سنووری ئێران، حکومەتی عێراق ھیچ کۆنترۆڵێكی بەسەر ئەو ناوچانەوە نییە و کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کەسانی ناحکومی رووبەڕووە".
بڕیارە مانۆڕەکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبێت و تێیدا سوپای پاسداران نوێترین رۆکێت و تۆپخانە دوورھاوێژەکانی تاقی بكاتەوە.
فەرماندەکەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدران دەشڵێت، تاقیکردنەوەکانی ئیمام حوسێن و ئیمام عەلی دوو، جۆشدانی تایبەتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھێزە چەکدارەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و بەمەبەستی شەڕی نێو شارەکانیش سوودیان لێوەردەگیرێت.
ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران کە بەفەرمی ئەرکی پاراستنی ئەمنییەتی سنووری رۆژھەڵاتی کوردستانی پێسپێردراوە، ئەمە دووەمین مانۆڕی سەربازییە لەم مانگەدا ئەنجامیان دەدات، لە سەرەتای مانگی شوباتیشدا لە بەرزاییەکانی داڵاھۆ و قەسری شیرینی کرماشان مانۆڕێکی دیکەی ئەنجامدا.