٢٨ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ٢٣:١٨
سەدر داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەكات

رۆژی سێشەممە 24-1-2017 نووسینگەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و یەكێك لە رێبەرانی شیعەی عێراق بەیاننامەیەكی پێنج خاڵی بە واژۆی نێوبراو لەسەر پرسی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) بڵاوكردەوە.

رێبەری رەوتی سەدر گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) بە راگەیاندنی جەنگێكی ئاشكرا دژی ئیسلام وەسف دەكات و داوای داخستنی سەرجەم باڵیۆزخانەكانی ئیسرائیل لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەكات.

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: رۆژی سێشەممە 24-1-2017 نووسینگەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و یەكێك لە رێبەرانی شیعەی عێراق بەیاننامەیەكی پێنج خاڵی بە واژۆی نێوبراو لەسەر پرسی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) بڵاوكردەوە.

سەدر داوای پێكهێنانی فیرقەیەك بۆ رزگاركردنی قودس دەكات و داوای دەستلەكاركێشانەوە و یاخود هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دەكات "ئەگەر هەڵوێستێكیان نەبێت"، هەروەها داواش لە رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی دەكات بۆ بەرەنگاری ئەو بابەتە.

موقتەدا سەدر داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە زووترین دەكات و دەڵێت‌ "ئەگەر ئەمریكا لەو بڕیارە پاشگەزبووەوە ئەوا مانای ئەوەیە ئەمریكا لاپەڕەیەكی نوێ‌ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكاتەوە، بە تایبەت دوای لێدوانەكەی ترەمپ كە گوتبووی دەستلەكاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی وەرنادات".

لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردانی سەرۆكایەتی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەڵێنی بە دەنگدەران و رەوەندی جوو لە وڵاتەكەی دابوو، كە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم بگوازێتەوە.

رۆژی 19-1-2016 رۆژێك پێش سوێندخواردنی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ رایگەیاند، بەڵێنەكەی بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئیسرائیل لەبیرنەكردووە.

لە ساڵی 1995 پێشنیازکرا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیلەوە بگوازرێتەوە بۆ شاری ئۆرشەلیم (قودس) كە فەڵەستینیەكان بە پایتەختی خۆیانی دەزانن، بەڵام لە ماوەی ئەو چەندین ساڵە بەپاساوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو هەنگاوە نەنراوە.