خەوتنی خەڵک لە گۆڕستانێکی تاران ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە
بەشێك لە بێ ماڵ و حاڵەكانی تاران لە ترسی هێزە ئەمنییەكان روودەكەنە گۆڕستانەكان و لەوێ شەو دەكەنەوە.
ئەو كەسانەی لە ئێران تووشبووی مادە هۆشبەرەکانن و لەبەر هەژاری و بێ ماڵی لە شەقامەکاندا دەژین و کارتۆن و بەتانی و جلوبەرگی شڕ، ڕاخەر و پێخەفیانە، پێیان دەگوترێت "كارتۆنخەو".
تاوەكو ئەو کاتەی هێزەکانی پۆلیس و شارەوانی هێرشنەکەنە سەریان و کۆیان نەکەنەوە، بە کارتۆن و گۆشە و کەناری شەقام و کەلاوەکانیش رازین. بەڵام هەندێکیان ئەوەشیان دەست نەکەوتووە و بۆ پاراستنی خۆیان لە سەرما و کزەبای ژیان، روویان لە گۆڕەکان کردووە.
بەشێك لەو كەسانە، كە گۆڕستانی نەسیرئابادی شەهریار لە باشووری رۆژئاوای تاران دەكەنە شوێنی خەوتنیان، بە هەڵکەوت دەكە،نە بەڤ كامێرای رۆژنامەنووسێک>
گۆڕەكان پێشوەختە بۆ مردووەکان ئامادەکراون، بەڵام ئێستا بوونەتە هێلانەیەک بۆ ئەم زیندووانە کە لە کارتۆنخەوییەوە، بوونەتە "گۆڕخەو" و ئەو ناوە تازەیە چەند رۆژە لە ئێراندا دەنگی داوەتەوە، بابەتێک کە سەرۆککۆماریشی هێنایە دەنگ.
حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران گوتی "بیستبووم کەسانێک لەبەر هەژاری دەبنە کارتۆن خەو، بەڵام تاوەكو ئێستا گۆڕخەوم نەبیستبوو. کێ دەتوانێت لە کۆمەڵگایەکی گەورە و مەزنی وەک ئێراندا، ئەوە ببینێت کە کەسانێک لە هاوڕەگەزەکانی، کە قوربانیی زیانە کۆمەڵایەتییەکانن، لەبەر بێ ماڵ و حاڵی، پەنا بە گۆڕەکان ببەن؟".
روحانی ئاماژەی بە نامەکەی ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەری ناوداری ئێرانیش کرد، کە رۆژی رابردوو روو لە روحانی نووسیبووی "لەگەڵ بیستنی ئەو هەواڵە هەستم بە شەرمەزاری کرد و دەمەوێ بە بیانووی نووسینی ئەم نامەیە بۆ ئێوە، هەموو ئەو کەسانە بکەمە هاوبەشی ئەم شەرمەزارییە، کە لەم 30 و چەند ساڵەدا بەرپرسیارییەکیان لەم وڵاتەدا هەبووە".
روحانی بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات. بەڵام نوێنەری پەرلەمان و فەرمانداری شەهریار رەخنەیان لە رۆژنامەنووس و میدیاکان گرتووە و گوتوویانە بابەتەکە گەورە کراوە.
وەک رۆژنامەکانی ئێرانیش باسیان کردووە پۆلیس و هێزەکانی شارەوانیی شەهریار، رۆژی رابردوو هێرشیان کردوەتە سەر گۆڕخەوەکان و گۆڕەکەشیان لێ زەوت کردوون. ئەوان ئێستا پەنایان بە کەلاوەیەک لە قەراخی گۆڕستانەکە بردووە و دەڵێن "گەر وازمان لێ بهێنن، ئێمە بەو گۆڕەش رازین".
٣٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ٢١:١٩
News ID: 801769
بەشێك لە بێ ماڵ و حاڵەكانی تاران لە ترسی هێزە ئەمنییەكان روودەكەنە گۆڕستانەكان و لەوێ شەو دەكەنەوە.