١٢ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ٢١:٠٢
مایکڵ ڕۆبن: بەمزوانە تورکیا پارچە دەبێت

بەمزوانە سنوورەکانى تورکیا دەگۆڕدرێن و قۆناغى دەروونیى پارچەبوونى تورکیاش کۆتایى پێهاتووە، بەڵام دیار نییە کورد دەوڵەتى سەربەخۆ دادەمەزرێنێت یان فیدراسیۆن لەگەڵ تورکیادا دروست دەکات.

مایکڵ ڕۆبن: بەمزوانە تورکیا پارچە دەبێت و دیار نییە کورد چى دەکات

مایکڵ ڕۆبن نووسەر و شیکەرەوەى سیاسیى ئەمەریکى ڕایگەیاند، بەمزوانە سنوورەکانى تورکیا دەگۆڕدرێن و قۆناغى دەروونیى پارچەبوونى تورکیاش کۆتایى پێهاتووە، بەڵام دیار نییە کورد دەوڵەتى سەربەخۆ دادەمەزرێنێت یان فیدراسیۆن لەگەڵ تورکیادا دروست دەکات. ڕۆبن ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان وەک کەسێک کە بووەتە هۆى پارچەبوونى تورکیا ناوى دەچێتە مێژووەوە.

ئەمڕۆ ١٢ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ ماڵپەڕى ئۆدا تیڤى تورکیا بابەتێکى مایکڵ ڕۆبنى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەمزوانە سنوورەکانى تورکیا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، چونکە دۆخى سایکلۆژى و دەروونیى قۆناغى پارچەبوونى تورکیا کۆتایى پێهاتووە.

مایکڵ ڕۆبن ئەوەشى نووسیوە، تورکیا پارچە بووە، بەڵام ئێستا کێشەى سەرەکى ئەوەیە، کە هێشتا کورد بڕیارى ئەوەى نەداوە دەوڵەتى سەربەخۆ دادەمەزرێنێت یان لەگەڵ تورکیادا فیدراسیۆنێک دروست دەکات.

بەپێى شیکارییەکى مایکڵ ڕۆبن، گەرچى ئەردۆغان خۆى بە سەرکردەیەکى گەورە و ئەتاتورکی نوێى تورکیا دەزانێت، بەڵام ئەتاتورک تورکیاى نوێى دامەزراند و ئەردۆغانیش جگە لە خراپکردنى ئەو تورکیایە هیچى نەکرد. ئەردۆغان وەک پاڵەوان ناوى ناچێتە ناو مێژووەوە، بەڵکو کەسێکى خراپ، کە بە لەخۆبایى بوونەکەیەوە بووەتە هۆى پارچەبوونى تورکیا ناوى دەچێتە مێژووەوە.

مایکڵ ڕۆبن

مایکڵ ڕۆبن لە ساڵى ١٩٧١ لە فیلا دلفیاى ئەمەریکا دایکبووە. دکتۆراى مێژووى لە زانکۆى ییل لە ساڵى ١٩٩٩ بە دەستهێناوە. نامەى دکتۆراکەى لەسەر پێکهاتەى مۆدێڕنە لە ساڵانى ١٨٥٨ – ١٩٠٩ لە ئێران.

لە ساڵانى ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤ وەک شارەزایەک بۆ کاروبارى ئێران و عێراق و دۆسیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نووسینگەى وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا (پنتاگۆن) کاریکردووە.

لە ساڵانى ٢٠٠٤ – ٢٠٠٩ سەرنووسەری وەرزنامەى ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بووە. لەو کاتەدا بۆرسییەکى خوێندنى بە دەستهێنا و لە بوارى پەیوەندیى نێوەدەوڵەتیدا بڕوانامەى بە دەستهێنا و لەگەڵ ئەنجوومەنی کارنگى و دامەزراوەى ئینتەرپرایزى ئەمەریکا بۆ کاروبارى نێودەڵەتى کار دەکات.

ڕۆبن لە زانکۆکانى ییل، زانکۆى عبری، زانکۆى جانز هاپکینز چەندین وانەى وتەوەتەوە لە زانکۆکانى سلێمانى و سەڵاحەدین و دهۆکدا وەک مامۆستا کاریکردووە.

مایکڵ ڕۆبن شەش کتێبى لەبارەى ئێران، وڵاتانى عەرەبى، ڕیفۆرم لە جیهانى عەرەبیدا، ڕژێمە سەرکێشەکان و کوردستانەوە نووسیوە.

ئۆدا تیڤى

ئۆدا تیڤى لە ساڵى ٢٠٠٧ەوە لە تورکیا دامەزراوە و هەواڵ و زانیارى و شیکاریى جۆراجۆر لەبارەى دۆخى تورکیا و ناوچەکەوە بڵاو دەکاتەوە و لایەنگرى لە سوپاى تورکیا دەکات و لە کەمالیستەکانى تورکیاوە نزیکە.