١١ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١١:٣٨
وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا گەیشتە بەغداد

ئەمرۆ یەکشەممە وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغداد، بۆ وتووێژکردن سەبارەت بە پێشهاتەکانى ئۆپراسیۆنى موسڵ.

وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا بەسەردانێک گەیشتە بەغداد

ئەمرۆ یەکشەممە وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغداد، بۆ وتووێژکردن سەبارەت بە پێشهاتەکانى  ئۆپراسیۆنى موسڵ.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ  ١١ى کانوونى یەکەم ئاشتۆن کارتەر وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغداد و چاوى بە بەرپرسان عێراق کەوتووە ، وا بڕیارە گفتوگۆ دەربارەى  نوێترین پێشهات و ڕوداوەکانى ئۆپراسیۆنى موسڵ بکەن.

هاوکات بە پێی زانیارییەکان، ئاشتۆن کارتەر وەزیرى بەرگرى ئەمریکا سەردانى هەولێر دەکات و چاوى بە بارزانى دەکەوێت.

هەروەها دەنگۆى ئەوەیە هەیە  کارتەر دوێنێ شەممە بە سەردانێکى ئاشکرانەکراو هاتبێتە بەغداد  بۆ گفتوگۆکردن  سەبارەت بە چەند بابەتێک.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا  نزیکەى دوو مانگە ئۆپراسیۆى موسڵ دەستى پێکردووە و تا ئێستا  دەیان گوند و شارۆچکە و چەندین گەڕەکى ناوشارى موسڵ لەلایەن سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراوەتەوە ، لە شەڕەکەشدا فڕۆکەکانى هاوپەیمانان بۆردومانى چەکدارانى داعش دەکەن.

 لە مانگى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ نزیکەى ٢٠ وڵات هاوپەیمانییەکى نێودەوڵەتییان بە فەرماندەیی ئەمریکا دژى چەکدارەکانى داعش پێکهێناو تا ئێستا نزیکەى ٦٠ وڵات چوونەتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە.

هێزی هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ٢٠١٤ ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش لە عێراق دەستپێکرد. لە مانگی ئەیلولیشدا هێرشەکانیان بۆ سەر داعش لە سووریا دەستپێکرد.