٢ تشرینی یەکەم ٢٠١٦ - ٠٧:٢٨
داعش ٣٥ ملیار دۆلار زیانی لە ئێراق داوە

سەرۆک وەزیرانی ئێراق ڕایگەیاند؛ گرووپی تیرۆریستیی داعش بە داگیر کردنی ناوچەگەلێک لەم وڵاتە، ٣٥ ملیار دۆلار زیانی لە دەوڵەتی ئێراق داوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی سپۆینیک؛ "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق ڕۆژی شەممە لە بەغدا وتیشی: پەلامارەکانی داعش دواهاتی نەرێنی زۆری لە ناوچە جۆر بەجۆرەکانی ئێراق بەتایبەت کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ئەم وڵاتە هەبووە و هەروەها ئەم پەلامارانە بووە هۆی ئەوەی کە ڕادەیەکی زۆر چەک و چۆڵ و کەرەستەی جەنگیی سوپای ئێراق تیا بچێ.

عەبادی لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە نرخی نەوت وتی: دابەزینی نرخی نەوتی ئێراق تا ساڵی ٢٠٢٠ درێژەی دەبێ و دەوڵەتی ئێراق دەبێ بەردەوام بێ لە سەر سیاسەتی کەم کردنەوەی خەرج و بەرجی دەوڵەتی.

"عەبدولباست تورکی" سەرۆکی سنووقی ئاوەدان کردنەوەی ناوچە کاول کراوەکانی ئێراقیش پێشتر وتبووی کە ئەم وڵاتە بۆ ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش  ڕزگار  کراون پێویستی بە ١٣ تا ١٤ ملیار دۆلار بوجە هەیە.

ئێراق لە ٢٧ مانگ لەمەوبەرەوە تا ئێستا بەرەوڕووی قەیرانی سەرچاوەگرتوو لە داگیرکرانی ناوچەگەلێکی زۆر لە باکوور و ڕۆژاوای خۆی لە لایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە بووە.

داعش لە یەکەم مانگەکانی داگیرانی باکووری ئێراق توانی دەست بگرێ بە سەر شاری موسڵ و تەکریت، هەروەها هەر لەو مانگە سەرەتاییانەی پەلاماری داعش بۆ سەر ئێراق چەن کێڵگەی نەوتیش کەوتنە دەستی ئەم گرووپە تیرۆریستییە.

بەڵام لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێزە جەماوەرییەکان و سوپای ئێراق توانیویانە چەن شارێکی ئەم وڵاتە لەوان ڕوومادیە و تەکریت لە دەستی تیرۆریستانی تەکفیریی داعش ڕزگار کەن....

کۆتایی کورتە نامە/310