بەشی نێودەوڵەتی: شهوی رابردو شاندێکی پارتی و یەکێتی بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە سەبارەت بە بڕیارەکانی بەغدا سەردانی عەلی زەیدییان کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە پشتیوانیی دادگای فیدراڵی، نێردەی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ، سووربوونی خۆی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، ڕێگری لە قاچاخ بردنی نەوت و کاڵا و گۆڕانکاری لە تیمەکانی کێڵگە نەوتییەکان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، بڕیارەکانی لە ڕووی یاساییهو تۆكمهن و پشت ئهستوورن به دهستور و تانەلێدان لەلایەن هەرێم كوردستانەوە "ئەنجامی نابێت".
بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکان کە ماڵپەڕی خەندان بڵاویکردۆتەوە، کە لە سەرچاوە باڵاکانی تیمی یهكێتی و پارتییەوە له بهغدا دەستی کەوتوە، شەوی رابردو لە بەغدا کۆبونەوەیەکی گرنگ لە نێوان شاندێکی تایبهتمهند و باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوە، ئامانجی سەرەکیی کۆبونەوەکە پرسیارکردن و داواکردنی ڕونکردنەوە بوە لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە دوێنێ سێشەممە لەلایەن وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بەناوی عەلی زەیدییەوە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بڵاوکرانەوە.
لە میانی کۆبونەوەکەدا، عەلی زەیدی بە شاندە کوردییەکەی راگەیاندوە، لە تەواوی هەنگاو و بڕیارەکانیدا پێشوەختە پرسی بە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کردوە، ئاشکرای کردوە کە "فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە لە وردودرشتی بڕیارەکان ئاگادارن و ماوەیەکی زۆرە تاوتوێی دەکەن".
زەیدی هۆکاری ئەو هەماهەنگییەی لهگهڵ ئهنجومهنی باڵای دادوهری عێراق بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە بڕیارەکان لە ڕوی یاساییەوە تۆکمە بن و مایەی تانەلێدان نەبن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، چونکە بهوتهی خۆی "نایەوێت کێشەی یاسایی نوێ لەگەڵ هەرێمدا سەرهەڵبداتەوە".
سەرچاوە تایبهتهکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەنیازە سکاڵا لەسەر ئەو بڕیارانە تۆماربکات، بەڵام بەهۆی رێوشوێن و پرس و رای زهیدی به ئهنجومهنی باڵای فیدڕاڵی عێراق، بۆ ئهوهی تۆماركردنی سکاڵا لەلایەن هەرێمەوە پێشوەختە وەک "کارتێکی سوتاو" وابێت.
سەبارەت بە پرسی نەوت، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردوەتەوە کە "هیچ حزب، هێز و پارێزگایەک مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت"، زەیدی پرسیاری ئەوەی لە شاندەکە کردوە کە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان دادگای فیدڕاڵی مافی فرۆشتنی نەوتی لێسەندراوەتەوە، چۆن دەبێت ئێستا له رێگهی سنورهكانی دهۆك، ههولێر و سلێمانی بە شێوازی جیاواز و بە قاچاغ نەوت بفرۆشرێت؟، بۆیە دوپاتی کردوەتەوە کە بە تەواوی ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە قاچاغ و فرۆشتنی نهوتی عێراق له رێگهی ههرێمهوه دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا و سەبارەت بە دۆسیەی سنورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەکردوە، "رۆژانە قاچاغچێتییەکی بەرفراوان لە سنورەکانەوە ئەنجام دەدرێت" و ئەوان دەیانەوێت سەرجەم سنورەکانی عێراق کۆنتڕۆڵ بکەن.
ناوبراو ڕونیکردوەتەوە کە جگە لە قاچاغچێتی نەوت، ماددەی هۆشبەر، چەک، جگەرە و چەندین کاڵای دیکە لە دەرەوەی پێناسی گومرگی و بە پێچەوانەی یاساوە هاوردە دەکرێن و دهنێردرێن، زەیدی پێی وابوە کە "سنورەکانی عێراق نوقمی گەندەڵی و قاچاغچێتی بون" و ئەوەش زیان بە گەلانی عێراق دەگەیەنێت، بۆیە بڕیارە نوێیەکانی بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەیە له سهرانسهری عێراقدا نهك تهنها له ههرێمی كوردستان.
سەبارەت بە دەنگۆی جوڵاندنی هێزی سەربازیی بەرەو سنورەکانی ههرێمی كوردستان، عەلی زەیدی بە شاندی پارتی و یەکێتی راگەیاندوە، بە هیچ شێوەیەک داوای جوڵاندنی هێزی نەکردوە، بەڵکوو تەنها لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی خۆیدا گۆڕانکاری لە تیمەکانی کێڵگە نەوتییەکاندا دەکات، وتوویهتی، "تهنانهت دهستور دهڵێت ههمو سنورهكانی ههرێمی كوردستان به هاوبهشی لهگهڵ عێراق كۆنتڕۆڵ بكرێن".
ئەو باسی لەوەشکردوە، هەرچەندە بەگوێرەی دەستوور و رێککەوتنەکانی پێشوی هەرێم لەگەڵ کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەبردنی سنوورەکان بە هاوبەشی بووە، بەڵام ئەو له تیمهكانی ئێستا و ئهو شێوازە لە بەڕێوەبردن ڕازی نییە.
بۆ ئەو مەبەستەش زەیدی ئاشکرای کردوە کە "پرسی بە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ کردوە و ئەمریکییەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ دەربڕیوە، هاوکات وڵاتانی دراوسێش ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی عێراق لەو پرسەدا نیشان داوە بهتایبهتی پارتی.
Your Comment