٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٦ - ١٢:١٣
Source: Mehrnews
ئێران چۆن هاوکێشەی دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا گۆڕی؟

"لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا ئێران نیشانی داوە کە هێزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سەرەڕای باڵادەستی تەکنەلۆژی و دارایی، لە زیانەکان بێبەری نییە. لەوەش گرنگتر، تاران توانیویەتی تێچووی پاراستنی ئەم دەسەڵاتە زیاد بکات و واشنتۆن ناچار بکات بە بەشێک لە پێکهاتەی سەربازی خۆیدا بچێتەوە."

بەشی نێودەوڵەتی: ئەمریکا بۆ دەیان ساڵ پێیوابوو بە جێگیرکردنی دەیان هەزار هێزی سەربازی و دامەزراندنی بنکەی فراوان و کەڵک وەرگرتن لە باڵادەستیی ئاسمانی و دەریایی، دەتوانێت گەرەنتی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی بکات و هەرکاتێک پێویست بکات هێزی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت. بەڵام شەڕ لەگەڵ ئێران ئەم هاوکێشەیەی خستۆتە بەردەم تەحەددایەکی جیددی.

گرنگی ئەدای ئێران تەنیا لەو زیانانەدا نییە کە بە ئامێر و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکای گەیاندووە؛ دەستکەوتی گەورەتر ئەوەیە کە تاران توانیویەتی یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ئەمریکا بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش ئاسایش و کارایی تۆڕی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیە لە ناوچەکەدا.
ئەم پەرەسەندنە دەبێ لە چوارچێوەی شکستێکی ستراتیژیدا بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە؛ شکستێک کە مەرج نییە بە مانای لەناوبردنی دەسەڵاتی سەربازیی ئەمریکا بێت، بەڵکوو بە مانای ئەوە دێت کە بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتە بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسی بەسەر ئێراندا قورستر بووە.
کۆتایی هاتنی بیرۆکەی ئاسایشی هەمیشەیی بۆ بنکە ئەمریکییەکان
ئەمریکا نزیکەی ٥٠ هەزار کارمەندی سەربازی و نزیکەی ١٩ بنکە سەربازی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. تۆڕەکە لە بەحرەین و قەتەرەوە تا ئوردن و سعودیە درێژدەبێتەوە، بۆ دەیان ساڵە بڕبڕەی پشتی ئامادەبوونی سەربازی واشنتۆن بووە لە ناوچەکەدا. بەڵام شەڕ لەگەڵ ئێران دەریخستووە کە بەرفراوانی تۆڕەکە مەرج نییە بە مانای پارێزراویی ئەو تۆڕە بێت.
سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان تێچووی دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی زیانلێکەوتووی بنکەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا بە نزیکەی ٩.٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت. هەروەها بنکەی پشتیوانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین کە شوێنی ناوەندیی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکایە، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار تێچووی چاککردنەوە بێت.
گرنگی ئەم ژمارانە تەنیا لە خودی تێچووی داراییدا سنووردار نییە. بنکەیەکی سەربازی بە داراییەکی ستراتیژی دادەنرێت کاتێک ڕێگە بە جێگیرکردنی بێکێشەی هێزەکان و پاراستنی ئامێرەکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن و پشتیوانی بەردەوام دەدات. ئەگەر دوژمن بتوانێت ئەم ژێرخانە بکاتە ئامانج، واشنتۆن ناچار دەبێت بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی بۆ پاراستنی بنکەکان و چاککردنەوەی زیانەکان تەرخان بکات؛ ئەو سەرچاوانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەتوانرێت بۆ فراوانکردنی هێزی کارکردن بەکاربهێنرێن. بە واتایەکی تر ئێران تێچووی بەکارهێنانی سوودی جوگرافی و سەربازی ئەمریکای زیاد کردووە.
لێدانی ژێرخانی دەسەڵات، نەک تەنها کەرەستەی سەربازی
شەڕە ئاساییەکان بەزۆری لەسەر ڕادەی زیانەکانی فڕۆکە جەنگییەکان و کەشتی و سیستەمە مووشەکییەکان جەخت دەکەنەوە؛ بەڵام گرنگی ستراتیژی هێرشەکانی ئێران دەبێ لە هەڵبژاردنی ئامانجەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر کارکردنی تۆڕی سەربازی ئەمریکاشدا بگەڕێن.
پێداچوونەوەیەکی ئەسۆشێتد پرێس بۆ هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەریدەخات سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ڕادار لە ئامانجە سەرەتاییەکان بووە، دواتر هێرشەکان بۆ هەنگاری فڕۆکەکان و کۆگاکان و دامەزراوەکانی پەیوەندی و شوێنی سەربازەکان بڵاوبوونەتەوە.

ئەمەش لە ڕوانگەی سەربازییەوە گرنگە، چونکە ڕادار و سیستەمی ئاگادارکردنەوە بەشێکن لەو ژێرخانەی کە ڕێگە بە ناسینەوەی هەڕەشە و وەڵامدانەوەی بەرگری دەدات.
زیانگەیاندن بەم جۆرە سیستەمانە تەنها زیانگەیاندن بە ئامێرەکان نییە؛ دەتوانێت کاریگەری هەمەلایەنەی بەرگری بنکەیەک کەم بکاتەوە و پاراستنی ئامێرەکانی تر قورستر بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هێرشکردنە سەر ژێرخانی پشتیوانی و ئاگادارکردنەوە، جگە لە ئامانجکردنی ئامێرەکانی کارکردن، تێچوونێک دروست دەکات کە لە بەهای ماددی هەر ئامانجێک زیاترە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی پشکنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا باسی لە لەدەستدانی دەیان فڕۆکەی کردووە کە بریتین لە هەلیکۆپتەری هێرشبەر و فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی ئێف ٣٥ و ئێف ١٥ .

تێچووی شەڕەکە تا مانگی نۆڤەمبەر گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٨ ملیار دۆلار؛ ژمارەیەک کە تێچووی دووبارە بنیاتنانەوەی تەواوەتی بنکەکان لەخۆناگرێت.
واشنتۆن ناچار بووە پێداچوونەوە بە ئامادەبوونی سەربازی خۆیدا بکات
یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی گۆڕانی هاوسەنگی ئەو گفتوگۆیانەن کە لە ناوخۆی ئەمریکادا سەبارەت بە داهاتووی جێگیرکردنی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویانداوە.

ئیتر مەسەلەکە تەنها ئەوە نییە کە چۆن بنکە زیانلێکەوتووەکان بنیات بنرێتەوە؛ پرسیارەکەش هاتۆتە ئاراوە: ئایا پێویستە هەموو دامەزراوەکانی پێشوو بە هەمان پێکهاتە و لە هەمان شوێن بنیات بنرێنەوە؟
هەندێک لە شارەزایانی ئەمریکی باس لە پێویستی کەمکردنەوەی هێزەکان و بڵاوەپێکردنی دامەزراوەکان و گواستنەوەی هەندێک ئامێر بۆ ناوچە دوورترەکان و تەنانەت شاردنەوەی هەندێک ناوەند لە ژێر زەویدا دەکەن. ئەم بژاردانە ئەوە پیشان دەدەن کە شێوازی نەریتی جێگیرکردنی ئەمریکا لە نزیک کەنداوی فارس ڕووبەڕووی بەربەستی نوێ دەبێتەوە.

بێگومان گواستنەوەی بنکەکان بە مانای کشانەوەی بە تەواوەتی ئەمریکا لە ناوچەکە نییە. ڕەنگە واشنتۆن لەبری دامەزراوە گەورە و هەمیشەییەکان تۆڕێکی بنکەی بچووکتر و کاتیتر و پەرشوبڵاو بەکاربهێنێت. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە تێچووی زۆری دەوێت و سنوورێک بۆ توانای ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی خێرا و بەرفراوان دادەنێت.

لەوەش گرنگتر گواستنەوەی دامەزراوەکان بۆ دوورتر لە ئێرانەوە کێشەی لاوازی بە تەواوی چارەسەر ناکات. پەرەپێدانی توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە، توانای بەرگری وڵاتەکەی قووڵتر کردووەتەوە و زیاتر مەودای بژاردە سەربازییەکانی ئەمریکای سنووردار کردووە.
هاوپەیمانانی ئەمریکا و گومانەکان لە چەتری ئاسایشی واشنتۆن
ئەم پەرەسەندنە تەنیا بە حیساباتی سەربازیی پنتاگۆن سنووردار نییە. وڵاتانی ناوچەکە کە میوانداریکردنی بنکەکانی ئەمریکایان وەک بەشێک لە دڵنیایی ئەمنی خۆیان دەزانی، ئێستا ڕووبەڕووی پرسیارێکی قورس دەبنەوە: ئایا بوونی سەربازی ئەمریکا ئاسایشیان بەرز دەکاتەوە یان دەیانکاتە بەشێک لە مەیدانی شەڕ ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران پەرە بسێنێت؟
کاتێک بنکەکان کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا هەڵکەوتوون دەکرێنە ئامانج، ئەم وڵاتانە بەبێ ئەوەی بزانن تێچووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی شەڕێک دەدەن کە ڕەنگە لە واشنتۆن بڕیاری لەسەر درابێت. ئەم ئەزموونە دەتوانێت پاڵنەرەکانیان بۆ هەمەچەشنکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکان زیاد بکات و پشتبەستنی تایبەتییان بە ئەمریکا کەم بکاتەوە.
ڕێککەوتنی هاوبەشی بەرگریی سعودیە-تورکیا-پاکستان لە مانگی ئابی ٢٠٢٦یشدا دەتوانرێت لەم چوارچێوەی بەرفراوانتردا سەیر بکرێت. ئەم جۆرە ڕێکخستنانە هێشتا جێگەی تۆڕی ئەمنی ئەمریکای نەگرتووەتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە زلهێزەکانی ناوچەکە بەدوای بژاردەی تەواوکەر و هەمەچەشنتردا دەگەڕێن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆیان.
شکستی ئەمریکا لە سەپاندنی ئیرادەی سیاسی
تێچووی شەڕ بۆ واشنتۆن تەنیا سەربازی و ناوچەیی نییە. لە ڕاپرسییەکی ڕۆیتەرز/ئیپسۆس لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا دەرکەوتووە کە لەسەدا ٧١ی ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی چالاکییەکانی کۆنگرێسەوە کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ئێران بهێنن.

ئەم جۆرە دژایەتیکردنە هەروەها ئەوە دەردەخات کە حکومەتی ئەمریکا لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی سیاسی دەبێتەوە لە درێژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تێچووی زۆر.
بەڕاستی دەسەڵاتی سەربازی کاتێک دەبێتە سەرکەوتنێکی ستراتیجی کە بتوانێت دەرئەنجامی سیاسی خوازراو بسەپێنێت. هەبوونی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو و فڕۆکە هەڵگر و بودجەیەکی سەربازی زەبەلاح بە تەنیا گەرەنتی ئەوە ناکات کە وڵاتێک بتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر دیوەکەی تردا بسەپێنێت. ئەگەر لایەنی بەرامبەر بتوانێت تێچووی درێژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەکە زیاد بکات و ژێرخانی ئامادەبوونی سەربازی لاواز بکات و ئیرادەی سیاسی خۆی بپارێزێت، مەرج نییە باڵادەستی چەک ببێتە هۆی دەرئەنجامی سیاسی خوازراو.
گەورەترین دەستکەوتی ئێران چییە؟
لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا ئێران نیشانی داوە کە هێزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سەرەڕای باڵادەستی تەکنەلۆژی و دارایی، لە زیانەکان بێبەری نییە. لەوەش گرنگتر، تاران توانیویەتی تێچووی پاراستنی ئەم دەسەڵاتە زیاد بکات و واشنتۆن ناچار بکات بە بەشێک لە پێکهاتەی سەربازی خۆیدا بچێتەوە.
ئەم پێشهاتە بە مانای کۆتایی هاتنی بوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لەدەستدانی دەسەڵاتی سەربازی نییە؛ بەڵام واقیعێکی گرنگی ئاشکرا کردووە: ئەمریکا چیتر ناتوانێت بە هەمان متمانەی پێشوو پشت بە بنکە جێگیرەکانی ببەستێت و ئاسایشی هاوپەیمانەکانی تەنها بە جێگیرکردنی هێز و ئامێرەکان بە گەرەنتی بزانێت.
دەستکەوتی ستراتیژی ئێران وردە وردە لەم گۆڕانکارییە لە حیساباتەکاندادایە. وڵاتێک کە بووەتە ئامانجی فشاری سەربازی لەلایەن هێزێکی زۆر خاوەن تواناتر و لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە، توانیویەتی تێچووی ئەو دەسەڵاتە زیاد بکات و لاوازی ژێرخانی خۆی ئاشکرا بکات و مشتومڕەکانی پێداچوونەوە بە بوونی سەربازی خۆی بۆ ئاستی بڕیاردان لە واشنتۆن پاڵ بنێت.
ئەگەر ئامانجی ئەمریکا لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا چەسپاندنی باڵادەستی خۆی و سەپاندنی ئیرادەی خۆی بووبێت بەسەر ئێراندا، بەبێ گوێدانە ڕادەی ئەو زیانانەی کە بە هەردوولا گەیاندووە، ئەوا ئەو ڕاستییەی کە بوونی سەربازیی ئەمریکا سەختتر بووە و دەبێت سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە ستراتیجی ناوچەیی خۆیدا بکرێتەوە، نیشانەیەکی گرنگە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. ئێران بەم کارە نەک هەر بەرگری لە خۆی کردووە؛ تەحەدداشی لە یەکێک لە گریمانە سەرەکییەکانی نەزمی ئەمنی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

Your Comment

You are replying to: .
captcha