دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ، سووریا هەرچەندە بەڕواڵەت کەمتر گرژییە، بەڵام لە ئاستی قووڵتری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دابەشکارییە نەتەوەیی و ئایینییە بەرفراوانەکان.
دروز و عەلەوی و کورد هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان جێگەی خۆیان لە پێکهاتە نوێیەکەی دەسەڵاتدا پێناسە دەکەنەوە و نیشانەکانی زنجیرەیەک "شەڕی سارد"ی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا هەیە.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، سووریا لە چاو زۆرێک لە قەیرانەکانی دیکەی ناوچەیی کەمتر کەوتۆتە بەرچاو. حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع هەوڵی چەسپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا داوە.
یەکێک لە گرنگترین کارەکانی حکومەت لەم ئاراستەیەدا کۆتاییهێنان بوو بە پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەری بە سەرۆکایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی فورات، ناوچەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بە شێوەیەکی کاریگەر لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی بوو.
بەڵام داڕمانی پێکهاتەی خۆسەری کورد بە مانای کۆتایی هاتنی ململانێکان و ئاشتەوایی نێوان گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سووریا نەبوو.
بە پێچەوانەوە پێدەچێت دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام بن، لە شێوەی ڕکابەریی شاراوە و گرژیی نێوان کەمینەکان و حکومەتی نوێدا خۆیان دەردەخەن.
توندوتیژیی نەتەوەیی و مەزهەبی دوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد
لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سووریا چەندین شەپۆلی جددی توندوتیژی نەتەوەیی و ئایینی بەخۆیەوە بینیوە.
لە مانگی شوبات و ئاداری 2025، ناوچە کەنارییەکانی ڕۆژئاوای سووریا شاهیدی هێرشی بەرفراوان دژی عەلەوییەکان بوون، کە دوای پێکدادان لەنێوان چەکدارەکانی عەلەوییەکان و هێزەکانی حکومەت دەستیپێکرد.
پاشان لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا و گرووپە هاوپەیمانەکانی دروزیان کردە ئامانج.
سەختترین ڕووداو لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٥ لە پارێزگای سویدە ڕوویدا، کە هێرشی بەرفراوان دژی دروزەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ پێکدادانی زیاتر لە نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕوویدا.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم زنجیرە پێکدادانانە نزیکەی هەزار و ٧٠٠ کەسی کوشتووە.
دروز؛ ئۆتۆنۆمی لە سێبەری پشتیوانی ئیسرائیلدا
دروزەکان کە نزیکەی لەسەدا چواری دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن، لە ئێستادا گرنگترین بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشقن.
ناوچەی سویدە بە کردەیی بووەتە ناوچەیەک کە هێزەکانی حکومەت ناتوانن بە تەواوی بچنە ناویەوە. هەندێک لە شرۆڤەکاران ئەم دۆخە بە ئەنجامی پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە دروزەکان دەبینن.
هەروەها جیاوازی بیروڕا لەناو کۆمەڵگەی دروزەکاندا هەیە. هەندێک لە بزووتنەوەکان داوای ئۆتۆنۆمی زیاتر دەکەن، هەندێکیان هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ناوەندییان پێ باشترە و گروپێک هەڵوێستی مامناوەندی گرتۆتەبەر.
عەلەوییەکان؛ لە دەسەڵاتەوە بۆ پەراوێز
عەلەوییەکان کە لە سەردەمی حوکمڕانی بەشار ئەسەد یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی پێکهاتەی دەسەڵات بوون، ئێستا ڕووبەڕووی هەلومەرجی تەواو جیاواز بوونەتەوە.
دوابەدوای هێرشە بەرفراوانەکانی ساڵی ٢٠٢٥، ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامبوونی فشارەکان بۆ سەر کۆمەڵگاکە دەکەن، لەوانە ڕفاندنی ژنان و توندوتیژیی وردە وردە.
له بەرامبەردا هەندێک پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و گرووپی چەکدار له نێو عەلەوییەکاندا سەریهەڵداوه ، له نێویاندا ژمارەیەک ئه فسەری پێشووی ڕژێمی ئەسەد.
بەڵام تا ئێستا ئەم بزووتنەوەیانە نەیانتوانیوە مەترسییەکی جددی بۆ سەر حکومەتی دیمەشق دروست بکەن.
کورد: یەکگرتنی زۆرەملێ یان کۆتایی خەونی خۆبەڕێوەبەری؟
کوردەکانی سووریا کە نزیکەی لەسەدا ١٠ی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، دوای پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییە چوونەتە ناو پرۆسەیەکی وردە وردە تێکەڵبوون بە پێکهاتەی حکومەتی ناوەندییەوە.
هەرچەند هێشتا هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەندێک ناوچەی کوردنشین، لەوانە قامیشلۆ، کۆبانی، حەسەکە ئامادەن، بەڵام ڕەوتی گشتیی پێشهاتەکان ئەوە دەردەخات کە پێکهاتە سەربازی و سیاسییە سەربەخۆکانی کورد بەرەو هەڵلووشرانی لە هەیکەلی حکومەتدا هەنگاو دەنێت.
سەرەڕای ئەوەش، هەست و سۆزی ناسیۆنالیستی لە نێو کورددا بەهێزە و پێدەچێت لە داهاتوودا داواکارییە سیاسییەکان سەرهەڵبداتەوە.
ئایندەی نادیار کەمینەکان لە سوریا
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی پێشهاتەکانی ئێستای سووریا، پشتیوانی دەرەکی سنووردارە بۆ کەمینەکان. کورد دوای دابەزینی پشتیوانی ئەمریکا خۆی لە دۆخێکی سەختتردا بینیەوە و عەلەوییەکانیش پشتیوانی ناوچەیی کاریگەریان نییە.
هاوکات حکومەتی ئەحمەد شەرع پێگەیەکی تاڕادەیەک سەقامگیری بەدەستهێناوە، بەهرەمەند بووە لە پشتیوانی هەندێک ڕەوتی کاریگەر لە سیاسەتی ئەمریکادا، هەروەها نزیکی لە تورکیا و قەتەرەوە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ماوەتەوە: ئایا حکومەتی نوێ دەتوانێت پێکهاتەیەکی گشتگیر بۆ هەموو نەتەوە و ئاینییەکانی سووریا دروست بکات، یان ئەو دابەشبوونەی ئێستا لە داهاتوودا دەگۆڕێت بۆ قەیرانی گەورەتر؟
Your Comment