بە بۆنەی ١٣ی ڕەجەب، ڕۆژی لە دایکبوونی ئیمام عەلی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، بنەماڵەی شەهیدان سولەیمانی و هاوەڵانی و کۆمەڵێک لە بنەماڵەی شەهیدانی ئێران، لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی، کۆبوونەوە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە بەشێکی قسەکانیاندا سەبارەت بە دۆخی ئەم چەند ڕۆژەی ئێران وتیان: چین و توێژەکانی کاسبانی بازاڕ و بازاڕییەکان لە دڵسۆزترین چینەکانی وڵاتن بۆ نیزامی ئیسلامی و شۆڕشی ئیسلامی.
وتیشیان: ئێمە بازاڕ بە باشی دەناسین. ناتوانن بە ناوی بازاڕ و چینە بنچینەییەکانی بازاڕەوە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی و نیزامی ئیسلامی ببیتەوە. بەڵێ؛ ئەم کۆبوونەوانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چینەکانی بازاڕەوە بوون، بەڵام ئەوەی دەیانگوت ڕاست بوو. لە تەلەفزیۆن گوێم لێ بوو. کاتێک چینە بازاڕییەکان سەیری دۆخی دراوی وڵات و دابەزینی بەهای دراوی وڵات و ناسەقامگیری نرخی دراوی وڵات و دراوی بیانی دەکەن کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری کاروباری بازرگانی، دەڵێن “ناتوانم بازرگانی بکەم”. ڕاست دەکەن. بەرپرسانی وڵات ئەمە قبوڵ دەکەن و دەزانم کە سەرۆکی بەڕێز و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی وڵات هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدەن.
زیادیشیان کرد : ئەمە کێشەیە، دوژمنیش لەم کارەدا تێوەگلاوە. با ئەمەتان پێ بڵێم. ئەم بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی، بەرزبوونەوەی بێ لێپرسینەوە لە دراوی بیانی و ناسەقامگیرییەکەی، داکشان و هەڵکشانەکەی بە جۆرێک کە بازرگان نەزانێت چی بکات، ئەمە سروشتی نییە، ئەمە کاری دوژمنە. بێگومان دەبێت ڕابگیرێت.
ئەشیان وت کە ئەوان بە ڕێوشوێنی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن، هەم سەرۆک کۆمار و هەم سەرۆکی دەسەڵاتەکانی دیکە، هەندێک بەرپرسی دیکە هەوڵ دەدەن ئەم کارە ڕاست بکەنەوە. بۆیە بازاڕەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەم بابەتە و ئەم بابەتەش ڕاستە. ئەوەی گرنگە کۆمەڵێک کەسی بەکرێگیراوی دوژمن، لە پشت بازاڕەکانەوە وەستاون و دروشمی دژە ئیسلام، دژە ئێران و دژە کۆماری ئیسلامی دەڵێنەوە. ئەمە گرنگە.
ناڕەزایەتی دەربڕین جێی خۆیەتی، بەڵام ناڕەزایەتی دەربڕین جیاوازە لە ئاژاوەگێڕی. لەگەڵ خۆپیشاندەران قسە دەکەین، پێویستە ئەوانیش قسە بکەن. بەڵام قسە لەگەڵ ئاژاوەگێڕ هیچ سوودێکی نییە ، پێوێستە بەرپرسان ئاژاوەگێڕەکان لە شوێنی خۆیان دابنرێن.
بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت کە هەندێک کەس بە مەبەستی وێرانکردن و نائەمنیکردنی وڵات بێنە ژێر ناونیشان و ناوی جۆراوجۆر، لە پشتی بازرگانانی دڵسۆز و شۆڕشگێڕەوە بوەستن، ناڕەزایەتییەکانیان خراپ بەکاربهێنن و ئاژاوە دروست بکەن.
جەختیشیان کرد کە پێویستە کاری دوژمن بناسرێت. دوژمن بە هێمنییەوە دانانیشێت، هەموو دەرفەتێک بەکاردێنێت . لێرە دەرفەتێکیان بینی و ویستیان سوودی لێ وەربگرن، بێگومان بەرپرسانی ئێمە لە مەیدان بوون و دەبن؛ گرنگ میللەتە بە گشتی. گرنگ ئەوەیە بێباک نەبیت لە شەڕی نەرمی دوژمن. گرنگ ئەوەیە بێباک نەبیت لە قسە و قسەڵۆکی دوژمن. ئەمانە گرنگن. گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ کاتێک هەست دەکات دوژمن داوای دەکات و دەیەوێت شتێک بەسەر وڵات و بەرپرسان، بەسەر حکومەت و میللەتدا بسەپێنێت، پێویستە بە تەواوی هێزەوە بەرامبەر دوژمن بوەستێت و قەڵغانی سنگی خۆی بکات. لە بەرامبەر دوژمن پاشەکشە ناکەین. دوژمن دەخەینە سەر ئەژنۆی، پشت بە خودای گەورە و پشتبەستن بە خودای گەورە و متمانە بە پشتیوانی گەل، ان شاءاللە.
ڕێبەری ناردنی سێ مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان لە یەک ڕۆژدا و پێشکەوتنە سەرسوڕهێنەرەکان لە کەرتە زانستییە جیاوازەکانی وڵاتدا، لەوانە فڕۆکەوانی، بایۆتەکنەلۆژیا، پزیشکی، چارەسەرکردن، نانۆتەکنەلۆژیا، و پیشەسازییەکانی بەرگری و مووشەکی، نموونەی دەستکەوتە گەورەکانی میللەت و گەنجانی بلیمەت و کارامەی ئێرانی لەقەڵەمدا و وتیان: دوژمن، و بەداخەوە هەندێک لە ناوەوە، ئەم پێشکەوتنە گەورانە دەشارنەوە کە لەژێر گەمارۆدا ئەنجامدراون و خەڵک ئاگادار ناکەنەوە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی زیادیان کرد: ئەو فاکتەرەی کە وای کرد دوژمن داوای ڕاگرتنی شەڕ بکات و دواتر پەیامێک بنێرن کە نامانەوێت شەڕتان لەگەڵ بکەین، هێز و توانای نەتەوەی ئێرانە؛ بێگومان متمانەمان بە قسەی دوژمنی خراپەکار و فێڵباز و درۆزن نییە..
Your Comment