جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمەریکا لە سووریا جەختی لەوە کردەوە کە بە پێچەوانەی عێراق، مەرجەکانی پێکهێنانی هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە سووریا بوونی نییە و کورد لەم وڵاتە تەنیا لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا دەتوانێت لە ئۆتۆنۆمی ئیداری بەهرەمەند بێت.
جەیمس جێفری دیپلۆماتکاری باڵا و نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ڕیکاپی تورکیا ڕایگەیاند کە ناتوانرێت مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سوریا دووبارە بکرێتەوە.
جێفری زیادی کرد: کوردەکانی سووریا دەتوانن پلەیەک ئۆتۆنۆمییان هەبێت لە ناوچە ئیدارییەکان، هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پەروەردە بە زمانی کوردی و هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی، بەڵام ئەم شتانە دەبێت لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا بێت.
هەروەها جەختی لە ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە لە ناوبژیوانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکوومەتی نوێ لە دیمەشق و وتی: بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پاراستنی پەیوەندی نێوان دیمەشق و کورد زۆر گرنگە، ئەو هێزانە لانیکەم لە سوریا دەمێننەوە تا ئەو کاتەی هەڕەشەی داعش و ئەندامانی لە کەمپی ئەحۆل بەردەوام بێت.
Your Comment