44سەردار دەریاوان عەلیڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سپا لە لێدوانێکدا، سەبارەت بە گرینگیی ستراتژیکی تەنگەڵانی هورمۆز، وتی: ئەو ڕێڕەوگە دەریاییە، "دەماری نەوتی و گازی جیهان"ـە و ئێران ئەو ناوچەیەی بەردەوام وەک ناوچەیەکی گرینگی ستراتژیکی جیهان زانیوە و پاراستوویەتی و نەیویستووە تەنگەلانەکە دابخات.
ناوبراو سەبارەت بە ئامادەبوونی نایاسایی کۆپاپۆرە و ژێردەریایی و سیستەمگەلی هەستیار بە سووتەمەنی ئەتۆمی لە کەنداوی فارس هوشدار دا و جەختی کرد: لە ئەگەری ڕووداوێک بە هۆی ئەو گواستنانە، زیانی بەربڵاو و هەرمانی لێدەکەوێتەوە و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە ئاوی سوێری کەنارەکان کە بۆ شیرینکران کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، بۆ چەندین ساڵ پیس بن و بەکەڵك نەیەن.
سەردار تەنگسیری ئامادەبوونی دژبەرانەی هەندێک وڵاتی لە ناوچەدا، بە مایەی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە زانی و بیری هێنایەوە: ئێران ئەگەر دەستدرێژی نەکرێتە سەر، لە دوژمنایەتی ناگەڕێت و تەنیا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و هەڵوێستیشی هەمبەر تەنگەڵانی هورمۆز دیار و ڕوونە؛ کراوەبوونی شادماری وزەی جیهان و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڵمەتێک کە زیان بە تەندروستیی ژینگە و ئاسایشی ناوچە بگەیێنێت.
فەرماندەی هێزی دەریایی سپا بە ئاماژە بەوەی کە کراوەبوون یان داخرانی تەنگەڵانی هورمۆز لە ئەستۆی بەرپرسانی باڵای وڵاتە و پەیوەستە بە هەلومەرجی گوشارخستنە سەر هەناردەی ئێران، ڕاشیگەیاند: سەربازانی ئێران لە ناوچەی هەستیار، چ هێزی دەریایی ئەرتەش و چ هێزی دەریایی سپا، لە بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشە و هەڵمەتێک دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئێران وەستاون و تا دواهەناسەیان بەرگری لە شەرافەتەیان دەکەن.
Your Comment