بەشی نێودەوڵەتی: عەبدولباری عەتاری، کارناسی ناسراوەی جیهانی عەرەب لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ ئاژانسی مێهر، سەبارەت بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و هێرشی لەناکاوی زایۆنییەکان و تیرۆری سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران، وتی: ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە، کاتێ بەرەوڕووی کاردانەوەی خێرای بۆوە، لە ئامادەیی باڵای ئێران و توانستی بەرەنگاربوونەوەی ئێران ڕاچڵەکا، چونکە ئیسرائیل بەردەوام لە سیاسەتی ڕاچڵەکاندن و تۆقاندن و تیرۆریزم کەڵک وەردەگرێت، بەڵام ئێرانییەکان توانیان بە شێوەی زۆر هوشیارانە ئەو سیاسەتی کۆنتڕۆڵ بکەن و بە خێراییەکی چاوەرواننەکراو وەڵامی بدەنەوە.
وتیشی: زایۆنییەکان کاتێ دیتیان زۆربەی خەڵکی ئێران پاڵپشتی لە ڕێبەری خۆیان دەکەن و پلانی ترسێنەری ئیسرائیل پووچەڵ دەکەنەوە، ڕاچڵەکا. ئەمە لە کاتێکدا کە ئیسرائیل دەیەویست بە پاڵپشتی و هاوبەشیی ئەمریکا پلانی ئەتۆمیی ئێران بە یەکجاری لەناو ببات و تەنانەت بەو هەمووە چەکە پێشکەوتەشەوە، نەیانتوانی لەو بڕیارەشدا سەرنەکەون، چونکە ئەگەر ئەوەی کردبا، دەبوو ئێران و تەنانەت ناوچەکە بکەوتایەتە بەر مەترسیی پەرەنگی ڕادیۆئەکتیڤیتە و دەبینین کە هیچ مەترسییەک لەوبارەیەوە ڕانەگەیێندراوە. هەر بۆیە کاتێک نتانیاهۆ پاگەندەی سەرکەوتنی مێژوویی دەکرد، تەنانەت یەک پەیامی پیرۆزباییشی لە هیچ وڵاتێکی جیهان وەرنەگرت. چونکە هەموو دەیانزانی ئەو نەک نەسەرنەکەوتووە، بەڵکوو شکستی هێناوە.
ئەو کارناسە عەرەبە سەبارەت بە شکستی ئیسرائیل و ڕۆژئاواییەکان بۆ ئاژاوەنانەوە و کەلێن خستنە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی ئێران، ڕایگەیاند: تلاڤیڤ و واشنتۆن زۆر باش پلانیان بۆ هەڵمەتی تێکدەرانەی ناوخۆیی لە ئێران داڕشتبوو و تەنانەت نتانیاهۆ ڕوو لە هاووڵاتیانی ئێرانی، ئیدعای هاوڕێیی و دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکی ئێران دەکرد و نیزام و ڕێبەری ئێرانی بە دوژمنی هاوبەش دەزانی، بەڵام هەمان هەڵمەتی هاندەرانەشیان شکستی هێنا، چونکە گەلی ئێران، گەلێک نین دەستدرێژی قبووڵ بکەن و ببنە یاری داگیرکەرانیان. ئەمە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان ئێران ناناسن و مەزنایەتی ئێرانیان لە مێژوودا نەخوێندۆتەوە. گەلی ئێران بە یەکگرتووییان ئەمریکا و ئیسرائیل و نتانیاهۆیان ڕاچڵەکاند و نیشانیان دا کە لەگەڵ ڕێبەری و شۆڕشەکەیان هاوسەنگەرن و مەحاڵە خەیانەت بکەن و پشت لە گەلی خۆیان بکەن.
عەبدولباری عەتاری هەروەها سەبارەت بە براوان و دۆڕاوانی ئەو شەڕە داسەپاوە دژی ئێران، ڕوونی کردەوە: دۆڕانێک لە کاردا نییە، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئێرانە، چونکە ئێران لەو شەڕەدا بەرەنگاری ئەمریکا وەک گەورەترین زلهێزی مێژوو بۆتەوە و هاوکات لە دژی لۆبی زایۆنیی پاڵپشتکراوی ڕۆژئاوا وەستاوە. ئێران سەرکەوت چوونکە شکستی نەهێنا و ئێسرائیل دۆڕا، چونکە سەرنەکەوت و ئەنجامی ئەم شەڕە ڕاچڵەکان، زیان و زلەیەکی قورس بوو بۆ ئەمریکا و دوژمنی ئیسرائیلیی. هاوکات نابێ لە بیرمان بچێت کە ئەوە ئیسرائیل بوو کە دەستی یارمەتیی بۆ ئەمریکا درێژ کردەوە و هێندە کەوتبووە بەر زەخت و پلاری مووشەکەکانی ئێران کە پێشدەستی کرد لە ئاگربڕدا؛ شتێک کە تا ئێستا لە ئیسرائیل نەدیتراوە.
ناوبراو لەبارەی پێشدەستیی ئێران لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بەزاندنی سیستەمە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە و ڕێخۆشکردن بۆ پەلاماری ئەکتەرانی تری ناوچە بە ئیسرائیل، ڕاشیگەیاند: ئێران و ڕێبەری و ئەرتەشی ئێران وانەیەکی زۆر بەهێزیان لەوبارەوە نە تەنیا بە ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵکوو بە هەموو هیزە عەرەبەکانی جیهان دا و وتیان کە ئێوە ناونیشانی هەڵەتان گرتۆتە بەر و ئێران هێزێکی ناوچەییە. ئێران وەک ئیسرائیل لە دەرەوە مووشەک و درۆن ناهێنێت و وەرناگرێت، بەڵکوو خۆی پیشەسازیی مووشەکییەکی پێشکەوتەی هەیە و لەوبارەیەوە زۆر لە ڕووسیاش پێشکەوتەترە؛ بەرادەیەک پێشکەوتە کە درۆنە ئێرانییەکان بوونە هۆی سەرکەوتنی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراین.
ئەو کارناسە عەرەبە سەبارەت بە ئەگەری پەلاماری دووبارەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وتی: ئیسرائیل لە شەڕی یەکەمدا هەیمەنەی خۆی لەدەست دا و ئەرتەشەکەی چیتر بەهێزترین ئەرتەشی ناوچە نییە. چونکە سەروەڕای وێرانییەکانی شەڕ، بەپێی بەراوردەکان، ئەم شەڕە ڕۆژانە نیو ملیارد دۆلار تێچووی خستۆتە سەر شانیان نو هاوکات چەک و چۆڵێکی ئەوتۆیان بۆ نەمابوو و چاوەروانی گەیشتنی چەکی ئەمریکایی بوون. هەر بۆیە پێموایە ئیسرائیلی شکستخواردوو هێندە لە ژێر گوشاری ڕایگشتیی زایۆنییەکانە کە بۆ هێرشێکی دووبارە بە هاوڕێی ئەمریکا خەریکی پلانداڕشتنە و دوور نییە، هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران لە سەرووی هەموو کارەکانی دیکەی نتانیاهۆ لە سەفەری حەوتەی داهاتووی بۆ ئەمریکا ئەنجام بدرێت.
عەبدولباری عەتاری، سەبارەت بە خووی شەڕئاژۆیانەی ئیسرائیل و پەلاماردانی وڵاتێکی تری جگە لە ئێران، لوبنان، غەزە، سووریا، لە ناوچەدا، جەختی کرد: ئێران بەو خۆڕاگرییەی هەموو ناوچەکەی پاراست و بە شکستدانی ئیسرائیل و ئەو وەڵامە بەهیزەی، بووە هۆی حەسانەوەی وڵاتانێکی جۆراوجۆری دیکە. چاو لێکەن چۆن ئیسرائیل بۆ یارمەتی لە ئەمریکا دەپاڕێتەوە، لە کاتێکدا کە ئێران لە هیچ لایەنێک، تەنانەت لە ڕووسیا و چینیشەوە یارمەتیی وەرنەگرت و تەنانەت داوای یارمەتیی لە گرووپە بەرخۆدانەکانی فەلەستین و لوبنان و یەمەن و عێراقیش نەکرد، بەڵکوو بە تەنیایی هەنگاوی نایە ناو ئەو شەڕە و تێشیدا سەرکەوت و ناوی دەستدرێژکاری بڕی بە سەر ئیسرائیلدا، ناوێک کە دەتوانێ بەرپرسایەتییەکی قورسی جیهانی بۆ تلاڤیڤ بەدواوە بێت. فەرامۆش مەکەن کاتێک ئەم ناوە بڕا بە سەر سەدامدا، بەغدا تا ئەمدواییەش غەرامە و خەسارەتی بە کوەیت دەدایەوە.
Your Comment