٢٤ ئاب ٢٠١٦ - ١٧:١٣
هەڵمەتی هاوبەشیی تورکیا و ئەمریکا لە سووریا

هەڵمەتی هاوبەشیی هێزە تایبەتەکانی سوپای تورکیا و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەی جڕابلێس لە قەزاکانی سەر بە ستانی حەڵەب لە باکوری سووریا بە ئامانجی پاک کردنەوەی ئەو ناوچەیە لە چەکدارانی داعش

نوسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران لە ڕاگەیێندراوێک دا بڵاوی کردەوە هەڵمەتی پاک کردنەوەی شاری سنوریی جرابلێس لە تیرۆریستانی داعش کاتژمێر چواری بەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی خۆجێیی دەستی پێ کرد.

 بە گوێرەی ئەو ڕاگەیێندراوە پاش بۆمباران کردنی بنکەکانی داعش لە شاری جڕابلێس لە لایەن هێزەکانی سوپای تورکیاوە، یەکەکانی تۆپخانەش ئەو شارەیان کردە ئامانجی تۆپ بارانی خەست.

بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند ئامانج لەو هەڵمەتە پاک کردنەوەی سنورەکانی تورکیایە و زیاد کردنی ئاستی ئاسایشی سنورەکان و پشتیوانی کردن لە یەکپارچەیی خاکی سووریا.

رۆژنامەی میللیەت چاپی تورکیا نوسی ژنڕاڵ خلوسی ئاکار، سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا بۆخۆی هەڵمەتەکەی سوپا  لە سووریا سەرکردایەتی دەکات.

سەرچاوە مەیدانییەکانیش  بە سکای نیوزی عەڕەبیان ڕاگەیاندوە هێزە زەوینییەکانی گروپی ناسراو بە سوپای ئازادی سووریا بە پشتیوانی پەلاماری ئاسمانی وتۆپخانەکانی ئەمریکا و تورکیا لە دژی داعش دەجەنگن.

سوپای ئازادی سوریا گروپێکی چەکدارە و لە روانگەی ئەمریکا و تورکیاوە ئەندامەکانی نەیارانی چەکدار و مەیانەڕەوی دەوڵەتی سووریا بە هەژمار دێن.

هەروەها ژێدەرە سەربازییەکانی تورکیا ڕایانگەیاند گروپێک لە هێزە تایبەتەکانی تورکیا و تانکەکانی ئەو وڵاتە بە دەربازکردنی سنورەکانی تورکیا گەیشتونەتە سووریا.

رۆژنامەی یەنی شەفەق چاپی تورکیاش رۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێک دا سەبارەت بە چوونی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەو وڵاتە بۆ نێو خاکی سوریا نوسی هەڵمەتە دەرەوە سنورییەکانی سوپای  تورکیا لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەوا بەڕێوە دەچن. بە گوێرەی نوسراوەی رۆژنامەی یەنی شەفەق پارلمانی تورکیا 2ی دۆکتۆبری 2015 پەسندکراوێکی پەسند کرد کە رێگە بە دەوڵەتی ئەو وڵاتە دەدا هەر چەشنە رێ وشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێتە بەر .

بە گوێرەی ئەو پەسند کراوە پارلمانی تورکیا مۆڵەتی بە دەوڵەتی ئەو وڵاتە داوە رێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی  کە لە سوریا و عێراقەوە تورکیا دەخەنە ژێر مەترسی، ئەنجام بدات.

گروپی تیرۆریستی داعش لە دوو ڕۆژی ڕابردوو دا شاری سنوری کارکامیش لە پارێزگای غازی ئانتەپی تورکیایان چەند جاران بە هاوەن کردە ئامانج.

پاش کودەتا بێ ئاکامەکەی  15ی ژوئییەی ڕابردوو لە تورکیا سیاسەتی ئەو وڵاتە لە هەمبەر سوریا گۆڕانێکی گەورەی بەسەر دا هات.

بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا  بنەمای پەنجەرەی تازەی تورکەکانە بۆ ڕوانینیان لە گۆڕانکارییەکان و قەیرانی سوریا.

مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش دا لەگەڵ پیتێر سیجارتو وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە ئانکارا وتی بۆ بەرپەرچ دانەوەی داعش لە عێراق و سووریا ئامادەیە هەر چەشنە یارمەتیەک بدات.

چاوش ئۆغڵو ئەو پاڵپشتیەی بۆ ئاسایشی تورکیا بە گرنگ زانی و وتی پاک کردنەوەی ناوچەکە لە گروپە تیرۆریستییەکان بۆ سەقامی ناوچەکە زۆر گرنگە.بیناڵی ییڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیاش رۆژی دوشەممە جەختی کرد ئاسایش و سەقام دەبێ بگەڕێتەوە بۆ سووریا و هەوڵەکانی ئێستاس تورکیا لەسەر ئەوە چڕ کراونەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند ئانکارا لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی  خاکی سوریا چڕ بۆتەوە و تورکیا دژی ئەوەیە کە هەرچەشنە نەتەوە و تیرەیەک لە سووریا  دەسەڵاتی سیاسی هەبێ.ئاماژەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە کوردەکانی باکوری سوریایە کە لەم دوایانە دا شوێن پێی خۆیان لە نزیک سنوورەکانی تورکیا قایم تر کردوە....

کۆتایی کورتە نامە/310