مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێک بۆ میدیا هەبەر، وێڕای داواکاری بۆ وەستاندنی خێرای هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر پەکەکە و ڕەخساندنی هەلی بەشداریی ئۆجەلان لە کۆنگرەی پەکەکە، هوشداری دا: ئەگەر دۆخەکە لە سەر پەسیڤبوونی دەوڵەت بەردەوام بێت، بزووتنەوەی کوردی دەستوەستان نابێت و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەکی تردا دەچێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئامادەیی پەکەکە بۆ پێڕەوکردنی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی فێڤرییە و هەڵوەشانەوەی بەپێی ویستی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، جەختی کرد: پێداویستییەکانی ئەو هەنگاوە بریتن لە بەڕیوەچوونی کۆنگرەیەکی فەرمی، وەستاندنی هێرشە سەربازییەکان و بەشداریی ڕاستەوخۆی ئۆجەلان لەو پرۆسەیە. چونکە هیچ حزبێک بەبێ بەڕیوەبردنی کۆنگرە ناتوانێ هەڵوەشێتەوە و ئەوە کۆنگرەیە کە دەبێ بڕێار بدات و ئۆجەلانە کە دەبێ چاودێریی بکات.
قەرەسوو بە بیرهێنانەوەی بەڵینەکانی ئەنقەرە بۆ گۆڕینی هەلومەرجی زیندانی ئیمرالی و وەدیهێنانی "مافی هیوا"، ڕاشیگەیاند کە سەرەڕای ئەو بەڵێنانە، هیچکامی وەدی نەهاتووە و تورکیا لە بری کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، پەرەی بە هێرشی سەربازیی داوە و تەنانەت مۆڵەتی سەردانکردنەوەی بە وەفدی دانوستانکاری ئیمرالی نەداوە.
342/
Your Comment