AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ckb.abna24
یەکشەممە

٩ ئەیلوول ٢٠١٨

١٠:٤٥:٠٤ ب.ن
908621

دەقی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران

سوپای پاسداران وردەکاریی هێرشەکەی سەر بارەگای حدک و حدکا بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت لە هێرشەکەدا 7 مووشەکی زەمین بە زەمینی مەودا کورت بەکار‌هێندراوە و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە. سوپای پاسداران هەروەها هۆشداریی دەداتە گرووپەچەکدارەکانی دژی ئێران، ئەگەر چالاکییەکانیان دووبارەبکەنەوە، وەڵامێکی سەختترمان بۆیان دەبێت.

دەقی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران

لەدوای کردەوە شەیتانییەکانی ئەم دواییانەی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ستەمکاری جیهانی (ئەمریکا و هاوپەیمانانی) لە هەرێمی کوردستانەوە دژ بە ناوچە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بە ناردنی تیمە تیرۆریستییەکان، دەیانویست بە دروستکردنی نائەمنی و کردەوەی تێکدەرانە، ئەمنیەت و ئارامی خەڵکی پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و کرماشان تێکبدەن، بە هۆشیاری و ئامادەیی هێزی وشکانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنەکانی چەند هەفتەی رابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان و کامیاران گورزی کوشندەیان لێدرابوو، بەرەوڕووبوونەوە و تەمێکردنی دەستڕێژیکاران، خرایە بەرنامەی سوپای پاسداران.

لەدوای گوێنەدانی سەرکردەکانی ئەو گرووپانە بە هۆشدارییە جدییەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ هەڵگرتنی بنکە و بارەگاکانیان و پێویستە کۆتایی بهێنن بە هەنگاوە دەستدرێژیکارانە و تیرۆریستییەکانیان دژی ئێرانی ئیسلامی، هێزی مووشەکی سوپای پاسداران بە بەشداریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، رۆژی رابردوو، (شەممە 8-9-2018) لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەدا، شوێنی کۆبوونەوەی یەکێک لە گرووپە تاوانبارەکان و ناوەندی راهێنانی تیرۆریستەکانی ئەو گرووپەیان بە 7 مووشەکی زەمین بە زەمینی مەدوا کورت، کردە ئامانج.

بەپێی راپۆرت و بەڵگە دڵنیاکەرەوەکان کە لەو ئۆپەراسیۆنە گەیشتووە، ناوەندەکەی پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران تێکشکێندرا و دەیان کەس لە سەرکردەکان و ئەندامانی گرنگی ئەو گرووپە، کوژراون و بریندارکراون.

ئەو ئۆپەراسیۆنە تووند و وێرانکەرە، ئەوەی دەرخست کە منداڵانی گەلی ئێران لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و تەواوی هێزە چەکدارەکان و رێکخراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئێران، پێداگرن بە پارێزگاریکردن لە سنوور و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاریکردن لە ئامانج و بنەمابەرزەکانی شۆڕشی ئیسلامی و رێگەنادەن تیرۆریستە بەکرێگیراوەکانی رێکخراوە سیخوڕییەکانی دووژمنانی بێگانە، ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە.

لەکۆتاییشدا بە رێزگرتن لە سەربازانی ونی ئیمامی زەمان و چاوەڕوانی لە هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریی و کۆنترۆڵی جدیتری سنوورە هاوبەشەکان، هۆشداریی دەدەینە گرووپە تیرۆریستی و دژبەرانی شۆڕش و پشتیوانانیان، پاسدارانی شۆڕش و هێزە خۆجێیەکانی جێگیرکراو لەسەر سنوورەکانی وڵاتی ئیسلامی، بە زانیاریی هەواڵگری و ئامادەیی هەمەلایەنە، بە هاوکاریی خەڵکی خۆشەویستی ناوچەکە، بە دووبارەکردنەوەی هەنگاوەکانیان، لەگەڵ وەڵامێکی سەختتر و گورزێکی تووندتر بەرەوڕوو دەبنەوە.