AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ckb.abna24
دووشەممە

٣٠ تەمووز ٢٠١٨

١:٠٠:٢٥ د.ن
903634

ئەوە هەڵەیەی برا کوردەکانی عێراق کردیان ئێوەش مەیکەن

میکائیل جانسن بە کوردی سووریا دەڵێت: ئەوە هەڵەیەی برا کوردەکانی عێراق کردیان ئێوەش مەیکەن. تورکیا لە بەر ئەوە تەحەمولی هەرێمی کوردستانی کردووە کە ئەمریکا پشتگیرییان دەکات. تەنانەت ئەگەر دیمەشق خۆبەڕێوەبەریش بە ئێوەی کورد بدات تورکیا هەڵئەکوتیتە سەر باکووری سووریا و داگیری دەکات.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا شاندێکی کوردی باکووری سووریا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند سەردانی دیمەشقی کرد. کورد داوای خۆبەڕێوەبەری و سیستەمی فیدراڵی لە باکووری سووریا دەکات بەڵام بەڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی تەنانەت ئەگەر خۆبەڕێوەبەری بە کوردیش بدرێت ئەوا کورد بۆ پارێزگاری کردن لە سیستەمی فیدراڵی و خۆسەری تووشی مەشاکیل دەبێت و لەو بارەیەوە لەمپەری زۆر لە بەردەمیدایە.

میکائیل جانسن چاودێرێکی سیاسی بۆ پرسی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەو بارەیەوە یادداشتێکی لە سەر دەستپێکردنی دانووستانی نێوان کوردی سووریا و دەوڵەتی دیمەشق نووسیوە و تێیدا دەڵێت: ئێستا کورد لایەنی کەم دەسەڵاتە و دەوڵەتی دیمەشق بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی تۆماری کردووە بە ملهوڕییەوە دەردەکەوێت. کورد داوای خۆبەڕێوەبەری دەکات و ئەو مەوزووعەش لە ڕوانگەی دەوڵەتی دیمەشقەوە چاوچۆنکیی کوردە و دەوڵەتی سووریا توانی پێدانی خۆبەڕێوەبەری بە کوردی نییە.

ناوبراو لە یادداشتەکەیدا زیادی کردووە تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی سووریاش خۆبەڕێوەبەری بە کورد بدات ئەوا تورکیا ئەو مەوزووعە تەحەمول ناکات و ڕاست بەو شێوازەی کە لە بارەی عەفرینەوە نواندی هێرش دەکاتە سەر باکووری سووریا و دەیرەزوور و ڕەقە.

ناوبراو داوای لە کوردەکانی سووریا کرد پێبەند بن بە حکومڕانیی دەوڵەتی سووریا و لە پێکهاتەی حکوومەتی ئەو وڵاتەدا دەور بگێڕن بۆ ئەوەی دوور بن لە هێرشەکانی تورکیا.

جانسن ئەوەشی زیاد کردووە کە بە داخەوە کورد هەمیشە زیاتر لە توانا و دەسەڵاتی خۆی ئاوات و حەزی خواستووە هەر بەو بۆنەشەوە بەردەوام تووشی عەزاب و مەشاکیل بووە. بۆیە ئێستا کوردی سووریا نابێت ئەو هەڵەیە دووپات بکاتەوە کە برا کوردەکانیان لە هەرێمی کوردستان کردیان.

جانس لە کۆتاییی یادداشتەکەیدا نووسیویەتی کەس فریای کورد ناکەوێت و کەس بە هانای کوردەوە نایەت و ئەوەش لە سەردەمی پاش ئیمپراتووریای عوسمانییەوە سەلماوە.