AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : CKB.ABNA24
یەکشەممە

٢٦ تشرینی دووەم ٢٠١٧

١٠:٥٠:٠٤ ب.ن
869189

عەبدولفەتاح سیسی

سوپای میسر تۆڵەی هێرشەکەی سینا دەکاتەوە

دوای کۆتاییهاتنی نوێژی هەیینی و لەکاتی هاتنە دەرەوەی نوێژخوێنان، بۆمبەکە تەقاوەتەوە و دەستبەجێش دەستڕێژی گوللـەیان لێکراوە

لەئەنجامی هێرشێک بۆ سەر مزگەوتێکی سۆفییەکان لە گوندی رەوزەی ناوچەی سینای میسر، بەپێی دوایین ئاماری فەرمی حکومەتی قاهیرە تائێستا 235 کەس کوژراون، دەیانی دیکەش بریندار بوون، سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێ تۆڵەیان دەکەینەوە.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی وڵاتەکەی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "میسر لەبری هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەکات". هێرشەکەشی بە کارێکی ترسنۆکانە وەسفکرد و گوتی "سوپای میسر تۆڵەی شەهیدەکانی هێرشەکە دەکاتەوە".

هێرشەکە لە بەشی سەرەوەی نیمچە دوورگەی سینا، لەسەر دەستی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو ئەنجامدرا، کە بۆمبێکی چێنراویان لەبەردەم مزگەوتی گوندی رەوزە تەقاندەوە، دواتر دەستڕێژیان لە نوێژخوێنان کرد و، بەهۆیەوە نزیکەی 250 کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەگوتەی شایەدحاڵان و رزگاربووانی هێرشەکە، دوای کۆتاییهاتنی نوێژی هەیینی و لەکاتی هاتنە دەرەوەی نوێژخوێنان، بۆمبەکە تەقاوەتەوە و دەستبەجێش دەستڕێژی گوللـەیان لێکراوە، پاشان هێرشکاران لەکاتی هەڵاتنیان بەر هێرشی پێچەوانەی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و، نزیکەی 15 چەکداریان لێکوژراوە.

حکومەتی میسر، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند و، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی وڵات کۆبوونەوەیەکی ئەمنی نائاسایی و بەپەلەی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری، ناوخۆ، هەواڵگری گشتی و هەواڵگری سەربازی راگەیاند.

سەرچاوە میدیایی میسری و بیانییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکە لەسەر مزگەوتێک ئەنجامدراوە کە زۆربەی نوێژکەرەکانی سەر بە کۆمەڵێکی سۆفین بە ناوی تەریقەتی سۆفی جەریر، کە سەر بە هۆزی سوارکەن و بەگوتەی زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە، ئەندامانی ئەو هۆزە هاوکاری هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەکەن دژی ئایینی ئیسلام، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە، بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، هێرشەکە لەلایەن گرووپە توندئاژۆکانەوە ئەنجام درابێت.

دوابەدوای هێرشەکە، زنجیرە سەرکۆنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکرد، ئەحمەد تەییب، شێخی ئەزهەر رایگەیاند "پێوستە تیرۆر و سەرچاوە داراییەکانی لەنێوببرێن".

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە میسر، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە تیرۆریستی ناویبرد، پاشان بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە کارێـکی قێزەون وەسفی کرد.

هەریەک لە وڵاتانی: تورکیا، بەحرەین، ئیمارات و کوەیت سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و، هاوسۆزی و پشتگیری خۆیان بۆ هەنگاو و رێکارە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی میسر دەربڕی.

لەماوەی زیاتر لە 3 ساڵی رابردوودا، ناوچەی سینای میسر رووبەڕووی دەیان هێرشی چەکداری بووەتەوە. شارەزایانی بواری سەربازی، هۆکاری زیادبوونی هێرشەکان لەلایەک بۆ سیاسەتی تووندی حکومەتی میسر دەگەڕێننەوە دژی دانیشتووانی ناوچەکە، کە وایکردووە خەڵکەکە پێشوازی لە گرووپە چەکدارەکان بکەن، لەلایەکی دیکەوە بۆ تەکتیکی هەڵەی سوپای میسری دەگەڕێننەوە دژ بەو گرووپانە و دەڵێن لەبری شەڕی پارتیزانی، سوپای میسر شەڕی تەقلیدی ئەنجام دەدات کە ناتوانێت رووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە.