AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : CKB.ABNA24
شەممە

١١ تشرینی دووەم ٢٠١٧

٥:٣٥:٣٨ د.ن
866213

سەید حەسەن نەسروڵڵا گەرمتر لە ساڵانی رابردوو دژ بە سعودیە وەستایەوە

مەترسیدارترین شت، کە بەدڵنیاییەوە ناشمانترسێنێت، هاندانی ئیسرائیلە بۆ لێدانی لوبنان

گەورەترین خەمی ئەم رۆژانەی بەرپرسە لوبنانی و سعودییەکان، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی قەیرانی گڕگرتووی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، کە تاوەکو دێت قورستر، چڕتر و قووڵتر دەبێت، کەسی یەکەمی حیزبوڵڵای لوبنانیش دەڵێ "هێرشی ئیسرائیل، گەورەترین مەترسییە کە سعودیەکان دەیانەوێت بۆ سەر لوبنان دایبڕژن".

لەدوای چەند رۆژێک لە دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە پۆستەکەی، کە سعودیە بە بڕیاری بێگەردی حەریری ناویدەبات و، ئێران بە بڕیاری زۆرەملێی ریاز لەقەڵمی دەدات، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لەمیانی گوتارە تایبەتەکەی بە چلەی ئیمام حسێن، گەرمتر لە ساڵانی رابردوو دژ بە سعودیە وەستایەوە.

سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە گوتارەکەیدا جەختی کردەوە لەوەی "مەترسیدارترین شت، کە بەدڵنیاییەوە ناشمانترسێنێت، هاندانی ئیسرائیلە بۆ لێدانی لوبنان. من، دەربارەی لێکدانەوە قسە ناکەم، برایان و خوشکان و تەواوی خەڵکی لوبنان، من دەربارەی راستییەکان قسە دەکەم".

سەید حەسەن نەسروڵڵا هەروەها رایگەیاند "سعودیە و بەرپرسەکانی شەڕیان دژی لوبنان و حزبوڵڵادا راگەیاندووە"، گوتیشی "ریاز هەوڵ دەدات سەرۆکوەزیرانی نوێ بەسەر لوبناندا بسەپێنێت و، حەریری لە پێگە سیاسییەکەی دووربخاتەوە و سەرۆکێکی نوێ بۆ رەوتی موستەقبەل دەستنیشان بکات".

دۆخی لوبنان نیگەرانی ئەمریکییەکانی ورووژاندووە، لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەزاری ریکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، جەختکراوەتەوە لەوەی واشنتن پاڵپشتی لە سەروەری و سەربەخۆیی لوبنان و دامەزراوە سیاسییەکانی دەکات و، سەعد حەریری بە هاوبەشی راستەقینەی ئەمریکا ناوبرد.

لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەوەش کراوە "لە لوبناندا هیچ رۆڵێک یان شوێنێکی شەرعی بۆ هێزی دەرەکی و، میلیشیا و هێزە چەکدارەکان جگە لە هێزی ئەمنی شەرعی ئەو وڵاتە نییە" و، هۆشداریشی دا لەوەی هەر لایەنێکی لوبنان و دەرەوەی لوبنان ئەو وڵاتە بکاتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕی بەوەکالەت.

هاوکات یزرائیل کاتز، وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل هەڵوێستی تەلئەبیب سەبارەت بە لوبنان خستەڕوو و رایگەیاند "دەستلەکارکێشانەوەی حەریری رێگا بە ئیسرائیل دەدات بۆئەوەی لەناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا و لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە سەرۆکایەتیی پرۆسەیەک بکات و، داوای جێبەجێکردنی پرۆژەبڕیاری 1701 بکات، کە داوای چەکداماڵینی حیزبوڵڵا و دوورخستنەوەیان لە باشووری لوبنان و، نەهێشتنی هەموو میلیشیاکان لە باشووری لوبناندا دەکات".

نەهێشتنی میلیشیاکانی باشووری لوبنان، بەگوتەی حزبوڵڵای لوبنان، خەونێکی سعودییەکانە کە هەرگیز نایەتەدی.