AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ابنا 24 كوردی‌
یەکشەممە

١٩ شوبات ٢٠١٧

٣:٣٠:٥٣ د.ن
812752

داعش

مەشقی سەربازی به منداڵانی بێ سەرپەرشت لە موسڵ

لەخانەی بێسەرپەرشتانی داعش چەكدارانی داعش مەشقی سەربازی بەمنداڵان دەكات و بۆ كردەوە تیرۆریستییەكان ئامادەیان دەكات

لەخانەی بێسەرپەرشتانی داعش چەكدارانی داعش مەشقی سەربازی بەمنداڵان دەكات و بۆ كردەوە تیرۆریستییەكان ئامادەیان دەكات، ئەوەش بەپێی رۆیتەرز.

كارمەندێكی ئەو خانەیە لەموسڵ  بەرۆیتەرز-ی راگەیاند، كاتێك بۆیەكەمجار منداڵە بێسەرپەرشتەكان خانەكەیان كرایە یەكەی ڕاهێنان و مەشقپێكردن لەلایەن داعشەوە دەگریان و داوای دایك و باوكیان دەكرد.

پێشتر داعش لەگەڵ دەستپێكردنی كردەوە تیرۆریستیەكانی و داگیركردنی ناوچەیەكی بەرفراوان لەباكوری عیراق، لەساڵی 2014 دا دایك و باوكی ژمارەیەك لەمنداڵانی ئەو خانەیەی لەناوبردبوو.

بەگوێرەی وتەی ئەو كارمەندە لەخانەی بێسەرپەرشتان لەموسڵ، دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەك بەسەرهاتنی داعش و دەستگرتنیان بەسەر ئەوخانەیەدا، واپێدەچوو منداڵە بێسەرپەرشتەكان ئایدۆلۆژی توندڕەوی ئەو گروپە كاریگەری زۆری لەسەردانابن   .

ئەو كارمەندە ئاماژەی بەوەكردووە، منداڵەكان تەمەنیان لەنێوان سێ ساڵی  بۆ 16 ساڵیدا بووە، زۆربەیان موسڵمانی شیعە یان كوردی ئێزدی بون، دوای ئەوەی خرانە بەرخوێندن  لەقوتابخانەی ئاینی سەربەداعش، سەرەتا فێری ئەوە دەكران خێزانەكانی خۆیان بەهەڵگەڕاوەو بێبڕوا لە قەڵەم بدەن .

"دواتر كوڕەكان لەكچەكان جیاكرانەوەو  بەپڕۆسەیەكی مێشك شوشتنەوەدا دەبران بۆ ئەوەی ببنە(بێچووە شێرەكانی خەلافەت) ، كە بریتیبوون لەكۆمەڵێك منداڵ كەلەلایەن داعشەوە بەكاردەهێنران، بۆ وەرگرتن و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگریی و كردنیان بەچەكدارو سەرباز بۆ پاڵپشتیكردنی ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستی و سەربازیەكانییان"، ئەو كارمەندەی خانەكەی وای وت.

 رونیشكردووتەوە، كۆمەڵگەی فەرمانگەكان لەگەرەكی (زهور) لەموسڵ بووە، كەماڵ و شوێنی نیشتەجێبونی منداڵانی بێسەرپەرشت بوو تائەوكاتەی داعش منداڵەكانی تیایدا دەركردن یەكێك بوو لەو چەند پێگەو مۆڵگانەی دیكەی داعش كەلە سەرتاسەری شارەكەدا بەكاریاندەهێنان بۆ مەشق و چالاكی سەربازیی.

لەئێستادا دەرگاكانی ئەو كۆمەڵگەیە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی عێراقەوە داخراوە .

چەكدارانی داعش لەخانەی بێسەرپەرشتیاران كرانەدەرەوە دوای ئەوەی  هێزەكانی عێراق  بەپشتیوانی ئەمریكا لەمانگی ئۆكتۆبەر هێرشیان دەستپێكرد بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ، بەڵام هێشتا ئاسەوارەكانی داعش، كە نوسین و دروشمە توندرەویەكانیانە دەبینرێن، ئەوەش كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر بیركردنەوەو ژیری منداڵان هەیە  .

بەپێی رۆیتەرز، نوسین و دروشمەكانی داعش بەڕەنگی ڕەش لەسەر دیوارەكانی خانەكە ماون كەهانی منداڵان دەدات فێری  تەقەكردن و كردەوەی توندوتیژی ببن، هەروەك لەنێو بیناكەدا مەلەوانگەیەك هەیە لەئێستادا هیچ ئاوی تیانیەو پڕبووە لەخۆڵ و خاشاك.

ئاماژەی بەوەكردووە، لەژوورێكی  دیەكەی خانەكەدا كۆمەڵێك  كتێبی خوێندن هەبووە كەداعش بارگاوی كردوون بە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و خوێناوییەكانی، بۆ پاساو هێناوە بۆ ئەنجامدانی كردەوە وەحشیگەریەكانی و چاندنی لەمێشكی منداڵاندا .

داعش لەكتێبی بیركاری پۆلی چوارەمدا،  كە بۆڕوونكردنەوەو راڤەكردنی بابەتە ماتماتیكی و بیریكاریەكان وێنەی جەنگی بەكارهێناوە، هەروەك لەبەرگی كتێبەكەشدا وێنەی چەكێكی داناوە كەلە هێڵی ئەندازەیی و بیركاری دروستكراوە، كتێبی مێژوش جەختیكردووەتەوە لەسەر سەرەتاكانی سەرهەڵدانی "ئیسلام و جیهادو جەنگەكان"  .

لەنێو كتێبەكانی خانەكەدا كتێبێكی دیكە هەیە بەناونیشانی "ئینگلیزی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی" كاری سەرەتایی لەخۆگرتووە لەوانە وێنەی سێو و مێروللە لەتەنیشت وێنەی بۆمب و نیشانەشكێنەوە (قەناس) وەكێشراوە، هەروەها  سیخوڕ بەتەنیشت هاوەنەوەو هێڵی پەڕینەوە لەتەنیشت باوێشك دان و ئێكس بۆكسەوە دانراون  .

هەروەك وشەی (ژن) وێنەكێشراوە  بەفیگەرێكی ڕەش كە سەرتاپا نیقابی پۆشیووە، هەموو دەموچاوەكان لەكتێبەكاندا تەنانەت دەم وچاوی ئاژەڵەكانیش بەڵێڵی پیشاندراون، گوایە بۆ گونجاندن و و پابەندبوون بەئیسلام كە "وێنەی لەوجۆرانە ڕەتدەكاتەوە" .
 
كارمەندەكەی خانەی بێسەرپەرشتان كە بەزۆرو بەهەڕەشەكردن ناچاركراوە لەخانەكەیدا   بمێنێتەوە، دوای ئەوەی لەساڵی 2014دا چەكدارەكان دەستیان بەسەر ئەوخانەدا داگرت لەموسڵ رایگەیاندووە، كچەكان كە دەهێنرانە خانەكە زۆربەی جار بەزۆر بەشوودەدران بە فەرماندەو چەكدارەكانی داعش .

هاوكات پیاوێك كەنەویستووە ناوی خۆی ئاشكرابكات بەهۆی ترسی  لەچەكدارانی داعش كە تاوەكو ئێستا لەخۆرئاوای شاری موسڵدان، لەپێكدادانەكانی ئەم دوایەدا برینداربووە ئاشكرایكرد "چەكدارەكان زۆربەیان عێراقین ."

ئاماژەی بەوەكرد، داعش منداڵە شیعەكانی فێركردووە كەلە هاوشێوەی سونە نوێژبكەن و پەیڕەوی مەزهەبی سونە بكەن، لەبەرئەوەی "شیعە هەڵگەراوەو كافرن"، هەروەك وتیشی "داعش  بەزۆر  منداڵە  كوردە ئێزدییەكانی پاشگەز دەكردەوە لەئاینەكەی خۆیان و بەزۆر دەیكردن بەئیسلام".

"قورئانیان پێ لەبەردەكرن و فێریان دەكردن هەركەسێك لەخۆیان نەبێت بەهەڵگەراوەو كافرسەیری بكەن و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، مەشقی سەربازییان پێدەكردن لەگۆڕەپانی خانەكەدا كەتیایدا گەورەبون" .

رۆیتەرز نەیتوانیووە لێدوانەكانی كارمەندەكەی خانەی بێسەرپەشتانتانی موسڵ پشتڕاست بكاتەوە، بەڵام دانیشتوانی ناوخۆی موسڵ هەمان بۆچون و لێدوانیان داوە سەبارەت بە رەفتاری توندوتیژانەی نەشیاوی چەكدارانی داعش بەرانبەر منداڵان و بەكارهێنانی لەكاری توندو تیژیدا.

ماوەی رابردوو خودی داعش چەندین ڤیدۆی بڵاوكردووەتەوە، كە پیشانیدەدات چۆن مەشق بە منداڵان دەكات و لەسەر ئایدۆلۆژی  توندڕەویكانیان رایاندەهێنێت، فێریاندەكات چۆن زیندانیان بكوژن و لە سێدارەیان بدەن .

شایەتحاڵان و دانیشتوانی ناوچەكە ئەوەشیان رایانگەیاندووە، هەرچەند هەفتەیەك جارێك كۆمەڵێك منداڵ لەدەرەوەی شاری موسڵەوە دەهێنرانە نێو خانەی بێسەرپەرشتانی زهور لەشاری موسڵ كەمنداڵانی سوریاش لەنێوانیاندا بوون.

بەگوێرەی هەمان ئەوسەرچاوانە  داعش منداڵە گەورەكانی  بۆ شارۆچكەی تەلەعفەر لەخۆرئاوای موسڵ ڕەوانەدەكرد، بۆ ئەنجامدانی مەشقی زیاترو چڕوپڕتر بۆ بەكارهێنانیان لەشەڕو كردەوە توندوتیژیەكاندا، لەوانە بەكارهێنانیان لەیەكەكانی ڕەمیكردندا .

كارمەندی  خانەكە ئەوەشیوتووە "دوای شەش مانگ هەندێ لە منداڵەكان گەڕانەوە بۆ خانەكە بەڵام بەجلی سەربازی و چەكەوە، بۆ ئەوەی كۆتایی هەفتە لەگەڵ براكانیان بەسەربەرن".

بەگوێرەی وتەی كارمەندی ئەو خانەیە، موحەمەد كەیەكێك بوو لەمنداڵەكان لە هاوینی رابردوودا لەمیانەی جەنگی فەلەوجەدا لەخۆرئاوای بەغدا كوژراوە، باسی ئەوساتە وەختەیكرد كەچۆن منداڵەكان بەبیستنی ئەو هەواڵە گریاون و خەمباربوون .

زیاتر وتی، چەند هەفتەیەكی كەم بەر لەدەستپێكردنی هەڵمەتە سەربازیەكانی موسڵ داعش كۆتایی بەوانەی منداڵەكان هێناوە، رەوانەی فڕۆكەخانەی تەلەعفەری كردوون، كە دواتر هێزەكانی سەربەحكومەتی عیراق كۆنتڕۆڵیانكردەوە.

كارمەندی خانەكە بەمنداڵەكەی وتووە، "ئەگەر سوپاتان بینی چەكەكانتان فڕێبدەن، پێیان بڵێن ئێمە بێنازو بێسەرپەرشتیارین، ڕەنگ بەو هۆیەوە ژیانتان بپارێزن ".