AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ابنا 24 كردی‌
شەممە

١٠ کانونی یەکەم ٢٠١٦

٩:١٧:٥٦ د.ن
797377

٦٨ ساڵە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ پەسەندکراوە

دوای تێپەڕبوونی ٦٨ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا هەندێک لە هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ پێیانوایە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، نە تەنیا باشتر نەبووە، بەڵکو لە هەندێک ڕووەوە خراپتر بووە.

ماوەی ٦٨ ساڵە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکراوە

٦٨ ساڵ لەمەوبەر جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکرا، دوای تێپەڕبوونی ٦٨ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا هەندێک لە هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ پێیانوایە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، نە تەنیا باشتر نەبووە، بەڵکو لە هەندێک ڕووەوە خراپتر بووە.
هەندێک لە وڵاتان ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێن، بەپێی ئاماری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئێستادا، زیاتر لە ٦٠ ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا ئاوارەن، ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار منداڵ لە جیهاندا بە زۆر چەکدارکراون و لە شەڕەکاندا بەکاردەهێنرێن، ساڵانە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا کاری زۆرە ملێیان پێدەکرێت، بەپێی پێناسەی نوێی کۆیلە نزیکەی ٤٥ ملیۆن کۆیلە لە جیهاندا هەیە، لە هەر ١٤ ژنیش یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبێتەوە.
تائێستاش ڕۆژانە لە وڵاتانی جۆراوجۆر مرۆڤ بە هۆی جیاوازی ڕەگەزی و بیروبۆچوون و هەروەها بەهۆی جیاوازی ئایینی و نەتەوەییەوە دەبنە قوربانی، هەموو ئەو پێشێلکاریانەی مافەکانی مرۆڤ لە کاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤیان ئیمزا کردووە.
لە هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا هێز و لایەنە سیاسییەکان دڵخۆش بوون بەوەی جاروبار ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەو پێشێلکاریانە دەکرد کە حکومەتى عێراق دەرهەق بە هاوڵاتیانى کورد ئەنجامی دەدان، بەڵام چەند ساڵێکە دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئێستادا دەسەڵات و لایەنە کوردییەکانی هەرێم خۆیان مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکەن.
ڕێکخراوەکانی وەک هیومان ڕایتس وۆچ و لێبوردنی نێودەوڵەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن هێزە کوردییە باڵادەستەکانی هەرێمەوە بڵاوکردووەتەوە.
هەرێمی کوردستان بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە بکوژان و ئەو کەسانەى مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکەن لە سزا یاساییەکان قوتاریان دەبێت، بۆ نموونە تائێستا کەیسەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان سۆرانی مامە حەمە، عەبدولستار شەریف، سەردەشت عوسمان، وەدات حسێن و مامۆستاى ئایینى هۆشیار ئیسماعیل یەکلایی نەکراونەتەوە یان لە نمونەی کاوە گەرمیانیدا کەسوکارەکەی بە بڕیاری دادگا ڕازی نین بەوپێیەی تاوانبارى سەرەکی ئاشکرا نەکراوە.
هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٥دا نزیکەی ١٥ خۆپیشاندەر کوژران و تائێستاش هیچ کەس و لایەنێک ڕووبەڕووی سزای یاسایی نەکراونەتەوە.
جگە لەو پێشێلکاریانەی لەلایەن دەسەڵات و هێزە سیاسییەکانەوە دەکرێت، ڕۆژانە لەلایەن کۆمەڵگاشەوە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت، بۆ نموونە ساڵانە بە دەیان ژن لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە بەبیانوى پاراستنى شەرەفەوە دەکوژرێن، بەشێکی بەرچاوی بکوژەکانیشیان لە ڕێى سوڵحی عەشایریەوە تاوانەکانیان بۆ پەردەپۆش دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی ناکرێنەوە، لەمەشیاندا هەڵسوراوانی مافەکانی مرۆڤ دەسەڵات بە کەمتەرخەم دادەنێن و لە هەندێک حاڵەتیشدا لایەنە سیاسییەکان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی داڵدەی بکوژەکان دەدەن.