AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
دووشەممە

٦ ئایار ٢٠٢٤

٤:٤٦:٤٧ د.ن
1456621

تەوەرە سەرەکییەکانی سەفەرەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران/ داخوازی هەولێر لە تاران

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، دوای نزیکەی 3 ساڵ و ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی، لە دۆخێکدایە کە هەردوولا دۆسیەی گرنگی سیاسی-ئەمنی و ئابووری-بازرگانییان بۆ گفتوگۆکردن و ڕاوێژ لەبەردەستە.

 بەشی نێودەوڵەتی: نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی یەکشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا سەفەری تارانی کرد، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەوراز و نشێوی بەرچاو بوونەتەوە. بەڵام ئێستا شارەزایان پێیان وایە دیدارەکانی بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ویستی هەردوولا بۆ تۆکمەکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەردەخات و دەتوانێ ڕێڕەوێکی نوێ بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
گرنگی ئەم سەفەرە دوو هێندە دەبێت کاتێک پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لێکبدرێتەوە کە ڕووبەڕووی گرژیی سیاسی-ئەمنی بەرچاو بووەتەوە. لە دۆخێکی وادا چاودێرانی پێشهاتەکانی ناوچەکە پێیان وایە ئەم سەفەرە چەند ئامانجێک لەخۆ دەگرێت.
جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق

یەکەم سەردانی بارزانی بۆ تاران دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە دۆخێکدایە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق سەبارەت بە دەرکردنی گروپە تیرۆریستی و دژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی سەر خشتەی ڕێککەوتنەکەی ئێران و عێراق و هەرێم.

ئەمە له دۆخێکدایه که سەرەڕای ئەو کارانەی لایەنی عێراقی به مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنه ئەنجامیداوە ، ئێران ڕەخنەی هەیە له بارەی جێبەجێنەکردنی تەواوەتی ئەم ڕێککەوتنه ؛ ڕەخنەکان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش کراون.
شەڕی کاریگەر لە دژی گرووپە تیرۆریستیەکان

ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرانەی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ چالاکییە تیرۆریستییەکانی گرووپە دژبەرەکانی ئێران، یەکێکە لە داواکارییە هەرە گرنگەکانی ئێران کە پێدەچێت یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی بارزانی بێت لە تاران.

تاران چەندین جار هۆشداریی بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوە لەو بارەیەوە و هەروەها هەنگاوی سەربازی ڕاستەوخۆی لەم ناوچەیەدا گرتووەتەبەر. ئەمە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە دژە ئێرانییەکان گرتوویانەتەبەر، بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە زۆر دوورن لە گەیشتن بە خاڵی خوازراو.

بەرەنگاربوونەوەی جووڵە دژە ئێرانییەکانی زایۆنیست

بوونی دەزگا ئەمنییەکانی دژبەری ئێران، لەوانەش مووساد لە خاکی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو بابەتانەیە کە هەمیشە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولادا دروست کردووە. لە دۆخێکی وادا بوو کە لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی گرنگی نەدانی هەولێر بە هۆشدارییەکانی تاران، ئێران بنکەکانی مۆسادی لە هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج. لە دۆخێکی وادا پێدەچێت ئەم پرسە یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی بارزانی بێت لە تاران.

پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری-بازرگانی

لەم ساڵانەی دواییدا تاران و هەولێر هەمیشە ئیرادەی پەرەپێدانی هاوکاری ئابوورییان هەبووە. ڕێبازێک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دوای سەرهەڵدانی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە. لە دۆخێکی وادا پێدەچێت نەرمکردنی هاوکارییە ئابووری-بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێک لە میحوەرە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆی بارزانی لە تاران بێت. بەگوێرەی هەندێک ئاماری بەردەست، قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پێش سەرهەڵدانی گرژییەکانی ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و هیوای ئەوە هەیە کە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران بەستێنێکی گونجاو دابین بکات بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم ئاڵوگۆڕانە.

یارمەتیدانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی

هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی بووەتەوە، بە تایبەت لە بواری ئەنجامدانی هەڵبژاردن. لە هەلومەرجێکی وادا، هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، ئەم بابەتە لەلایەن بارزانییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. هەندێک کەس پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی ئێستای ئێران و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، وەک یەکێک لە دوو ڕەوتی سەرەکیی ئەم ناوچەیە، کۆماری ئیسلامی دەتوانێت چارەسەری قەیرانی سیاسی ئێستای ناوچەی کوردستان بێت.