AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
دووشەممە

١٥ نیسان ٢٠٢٤

٨:٤٧:٣١ د.ن
1451666

ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە، ئێران بە ئەوپەڕی هێز وەڵام دەداتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بابەتەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل هەوڵی بەرانبەر بدات، ئێران بە ئەو پەڕی هێزەوە، دەستبەجێ و بەربڵاو وەڵام دەداتەوە.

 حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و جۆزێف بورل، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە، دوانیوەڕۆی یەکشەممە لە گفتوگۆی تەلەفۆنیدا سەبارەت بە پرسی گرینگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە هێرشەکانی ئیسرائیل لەوانە کردنە ئامانجی هێزە ڕاوێژکارانەکانی ئێران لە سووریا، جەختی کرد: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە دیپلۆماتیکەکان لە دیمەشق، پێشێل کرانی ئاشکرای کۆنوانسیۆنی ڤیەنا و پەڕینەوە لە هێڵە سوورەکانی ئێران بوو.

ناوبراو وێڕای سەرکەوتوو وەسف کردنی هەوڵی سەربازی ئێران لە چوارچێوەی مافی ڕەوا، وتی: دوای کۆتایی ئەو ئۆپراسیۆنە ، ئەو پەیامە بڵاو کرایەوە کە لە ڕوانگەی ئێرانەوە ئەو بابەتە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل هەوڵی بەرانبەر بدات، وەڵامی ئێران بەپەلە، بەربڵاو و بە ئەوپەڕی هێزەوە دەبێت.

هەروەها وتیشی: هیوادارم یەکێتی ئەورووپا بۆ کۆتایی کۆمەڵکوژی لە غەززە هەنگاوی کاریگەر هەڵبگرێت.

بورلیش وتی کە وەڵامی ئێران دوور لە چاوەڕوانی نەبوو و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە کۆتایی هاتنی ئەو ئۆپراسیۆنە.

342/