AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
یەکشەممە

٧ نیسان ٢٠٢٤

٢:٥٤:٢٧ د.ن
1449803

نێچیرڤان بارزانی بۆچی سەردانی بەغدای کرد؟

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناکاو سەفەرێکی بۆ بەغدا کرد و لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و سەرکردەی یەکێتیش دیداری کرد.

 پاڵنەری سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، ترسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە بەبێ حزبەکەی، بەڵام سەرکردایەتی شیعەکان نەرم و نیانیان نیشانی ناوبراو داوە، چونکە هەڵبژاردن بەبێ پارتی لەوانەیە درز لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دروست بکات.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، خشتەی کارەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا قەرەباڵغ بوو، ئەویش دیدار و کۆبونەوەی لەگەڵ د. عەبدولڵەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە خۆگرتبوو.

سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی نیگەرانییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە لەسەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، هەر ئەو بڕیارەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانی هاندا بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکات.

بەوردی سروشتی رێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ پارتی نازانرێت، زۆرینەی کاتیش ئەو رێککەوتنانە بە نهێنی لە نێوان حزبەکاندا ئەنجام دەدرێن، ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیە بڕیاری لەبارەوە دراوە.

هەولێر رەخنە لە هێزە سیاسییەکانی بەغدا دەگرێت لەسەر ئەوەی پابەندنابن بە رێککەوتنەکانی پێش پێکهێنانی حکومەت، دیارترین گلەییەکانی دیکەی حکومەتی هەرێم کێشەکانی بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییە، بە تایبەتی بڕیارەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گاز و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.

چاودێرانی سیاسی پێشبینی ناکەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی ئەرێنی لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە، هەندێک سەرچاوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە کوردییەکانی دیکە دەڵێن، "پاڵنەری پارتی لەو سەردانە بۆ خۆبەدوردگرتنە لە زیانی سیاسی".

چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتیان وتووە، "پارتی هەست بە ترس دەکات لەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئەو بەڕێوەبچێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی بایکۆتی پڕۆسەکەی کردووە و لیستی کاندیدەکانی ئاڕاستەی کۆمسیۆن نەکردووە".

لەمبارەوە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیان خستووەتەڕوو، پشتیوانی لە دادگای فیدڕاڵی و هەموو بڕیارەکانی دەکەن، هەروەها گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا دووپاتدەکەنەوە، تەنانەت بەبێ بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەڵام لەمجارەدا چوارچێوەی هەماهەنگی نەرم و نیانی بەرامبەر بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەنوێنن، چونکە ئەگەر پارتی لە گۆڕەپانی هەڵبژاردن نەبێت، "درزێکی قوڵ لە ناو هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دروست دەبێت"، هەروەها هەژمونی ئەو حزبەش لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر لەلایەکی دیکەی دۆسیەکە وەستاوە.

کیفاح مەحمود، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، ئەگەر پشت بە رێککەوتنە پێشوەختەکان نەبەسرێت ئەوا بۆشاییەکان تەسک دەبنەوە بە تایبەتی بەکارهێنانی دادگای فیدڕاڵی وەک ئامڕازی فشارکردنە سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی دەستوور کارێکی مەترسیدارە.

کیفاح مەحمود ئاماژەی بەوەکردوە، ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی ئومێدی گەیشتن بە رێککەوتن و کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان رووناک دەکاتەوە.

ئەوەشی وتووە: ئامانجیشی لە سەردانەکەی بەغدا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پارتی و کۆی ئەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.