AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
ھەینی

٥ نیسان ٢٠٢٤

٣:١٠:٢١ د.ن
1449275

ئیسڕائیل دەیەوێت ئێران بگلێنێتە شەڕی غەززە/ ڕۆژی قودسی ئەمساڵ زۆر گرینگە

توێژەرێکی سیاسی جەخت لەوە دەکات کە ئیسرائیل ئەیەوێ ئەم جەنگە لە ناوچەکەدا فراوان بکات و هەوڵ دەدات ئێرانی پەلکێشی شەڕ بکات.

 بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، شەڕ و هێرشی ئیسڕائیل بەرانبەر بە خەڵکی بێ دەرەتانی غەززە زیاتر پەرە دەسێنێت و ژن و منداڵی زۆرتر لەبەر برسیەتی و نەبوونی دەواو دەرمان لە غەززە دا شەهید دەبن.

سەرەڕای ئەو هەموو پڕوپاگەندەی میدیاییە ، ئیسڕائیل لە شەڕی غەززەدا جگە لە منداڵ کوشتن هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە.

ئێستا ئیسڕائیل و بەرپرسە تاوانکارەکانی زیاتر لە ڕابردوو بەر شەقی نەفرەتی جیهان کەوتوون، و ڕژێمی تێلاڤیڤ هەوڵ دەدات وڵاتانێکی دیکە بە شەڕەکەوە بگلێنێت و بازنەی ئەم شەڕە لە ناوچەکە بەربڵاوتر بکات.

لە سەر ئەم بابەتانە و گرینگایەتی ڕۆژی قودس لەگەڵ مامۆستا فاروق موحەممەد
مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی بۆردی توێژینەوەی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان قسەمان کردوووە.

دەقی دیمانەکە:

شەڕی غەززە و هێرشی دڕندانەی ئیسڕائیل بۆسەر خەڵکی بێ تاوانی غەززە و کەرتی ڕۆژاوایی، گەیشتووەتە جێگایەک کە هەموو جیهان ڕژێمی زایۆنی ئیدانە دەکات، ڕێکخراوە جیهانییەکان وەک نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ناتوانن جوولەکەی زایۆنی لەم وەحشیگەرییە بوەستێنن ؟ لۆبی زایۆنی کاریگەرە یا مەبەست و سیناریۆی دیکە لە پشت ئەم شەڕانەوە هەیه؟

بەناوی خوای گەورە میهرەبان بێگومان ئەمڕۆ دەبینین کە بە بەرچاوی جیهانەوە بۆ شەش مانگە ئەچێ کە خەڵکی فەڵەستین و غەززە بە تایبەتی، بە بەرچاوی جیهانیان جینۆساید دەکرێن. بە داخەوە جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە گشتی لەم کارەساتە بێ دەنگن. ئەتوانین بڵێین بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. بەشێکیان بۆ بێ هەڵوێستی و لاوازی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگەڕێتەوە. هەندێکیشی ئەوەیە کە وڵاتانی با بڵێن ئیسلامی لاوازن بۆ ئەوەی بتوانن بەر بەم هێرشەی ئیسڕائیل بە سەر غەزە بگرن و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەگەرچی ئیدانەی کارەکانی ئیسرائیل ئەکرێ و چەند جار لە ئەنجومەنی ئاسایش ویستراوە ئیدانە بکرێت بەڵام زۆر جار ئەبینی کە وڵاتانی زلهێز بە تایبەتی ئەمریکا بە هەموو جۆرێ لە پشتی قەوارەی ئیسرائیل وەستاون و نایەڵێت کە ئەو کیانە با بڵێین لە لایەن نەتەوەگرتووەکانەوە زۆر جار ئیدانە بکرێ یاخود بە دەرچوو لە یاسا دابنرێن. یاخود هەر جێ ڕێوشوێنێک بەرامبەر دەوڵەتی ئیسڕائیل بگیرێت لەبەر ئەمریکا ڤیتۆی ئەکات و بە توندی لە پشتی ئەو قەوارەیە وەستاوە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە کە تا ئێستا وڵاتانی تریش ناتوانن سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل دابنێن وە هەروا ئیسرائیلیش بەردەوامن لە سەر ئەو هێرش و پەلامارەی و بەردەوامە لە جینۆساییەکردنی خەڵکی. بێگومان لۆبی جوولەکە لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئەمریکا ئیشی خۆی هەیە و با بڵێین کاری خۆی ئەکا بۆ ئەوەی ئەو قەوارەیە بە دوور کات لە هەر ئیدانەکردنێک و هەروەها سزادانێک و لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆکی ئەمریکا خۆی کەسایەتیەکی بەهێزی نییە و لاوازە، چ لە ئاستی کێشەکانی جیهان بە گشتی و لەسەر ئەمەی غەزش بە تایبەتی. ئەگەرچی خۆی لایەنگر یان پشتیوانی دەوڵەتی ئیسرائیلە بەڵام ناشتوانێت ڕێگری بکات لەوەی کە ئیسرائیل زیاتر لەمەی هێرشەکانی توندتر نەکات یاخو سنوورێک بۆ هێرشەکانی دابنێت. لەبەر ئەوەی کە لە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا هەیە و جۆ بایدن نایەوێت پشتیوانی جوولەکان لە دەست بدات بۆیە دەبینین کە پشتیوانی لە جوولەکان ئەکات و بێگومان لۆبیری ئیسڕائیلی یاخود لۆبی جوولەکە لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی بەهێزە.

کارناسان دەڵێن هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئێران لە سووریا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیەوە بۆ ئەوەیە، تێلاڤیڤ ئێران بگلێنێتە ئەم شەڕەوە؟ ڕای ئێوە لەم بارەوە چییە؟

هەر لە سەرەتای هێرشەکانی سەر غەزە، واتا لە حەوتی ئۆکتۆبەر بە دواوە لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، ئیسرائیل هەوڵی داوە وە خواستی بوو کە ئەم جەنگە فراوان بکات وە بە جۆرێک لە جۆرەکان ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانێت عەتفێکی وڵاتانی نێودەوڵەتی بە لای خۆیدا ڕابکێشەوە. ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتییەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام بێ و پشتی بگرێت. بۆیە هەوڵی داوە و دەیەوێت ئەم جەنگە فراوان بکات بە تایبەتیش ئەیەوێت کە ئێران ڕاستەوخۆ بێنەتە ناو ئەم شەڕەوە بۆیە ئەبینین کە لێرە و لەوێ پەلاماری ئەدات یاخود هێرشەکە بۆ سەر هەندێ بنکە و بارەگایی ئێرانە یان ئەوانەی کە لە ئێرانەوە نزیکن. وەکوو ئەوەی کە لە سووریا بینیمان بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا. بۆیە ئیسرائیل ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە ئەوەیە کە جەنگەکە فراوان بکات تاوەکوو لە لایەک با بڵێین عەتفی وڵاتانی دیکە و ئەمریکا بۆ لای خۆ ڕابکێشێت و پشتیوانیان بەردەوام بکا بە تایبەتی ئەم وڵاتانە بێنەتە ناو جەنگەوە ڕاستەوخۆ کە نەیاری ئەمریکان وەکوو ئێران وە لە لایەکیشەوە دەیەوێت بەمە ئەو نیگەرانی و ناکۆکیەی کە لە ناو شەقامی ئیسڕائیل دروست بووە بۆ دژی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ بیسڕێتەوە یان شەقامی ئیسرائیلی بێدەنگ بکات. بۆیە بێگومان ئیسرائیل ئەیەوێ ئێ ئەم جەنگە لە ناوچەکەدا فراوان بکات.

وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بۆ هیچ کارێکی ئەوتۆ ناکەن بەرانبەر ئیسڕائیل؟

وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش وەکوو ئاماژەمان پێدا بەڕاستی هەندێکیان بێ هەڵوێستن لەبەر ئەوەی کە خۆیان با بڵێین جۆرێ لە جۆرەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا هاوپەیمانن. یاخود لەگەڵ هاوپەیمانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوان و ئیسڕائیلیش هاوپەیمانێکی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکایە. هەندێکیشیان ئەتوانین بڵێین لاوازن ناتوانین ڕووبەڕووی ئیسرائیل و هەروەها ئەمریکا ببنەوە.

بۆیە ئەبینین لەم کاتەدا بە داخەوە کە بێ هەڵوێستن و هیچ کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە لەسەر ئەرزی واقیعی و بە فیعلی کە بتوانن بەر بەو شاڵاوە دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزا بگرن. جگە لە دەرکردنی بەیاننامەو ئیدانەکردنی ناتوانین کارێکی ئەوتۆ بکەن کە جێ بگرێت و لە ئازاری خەڵکی غەزە و فەڵەستین کەم کاتەوە .

دوایین هەینی ڕەمەزان ڕۆژی جیهانیی قودسە کە لە ئێران خەڵک بۆ دژایەتی ئیسڕائیل دێنە سەر شەقام ، بە ڕای ئێوە ڕۆژی قودس بۆ زەق کردنەوەی پرسی فەلەستین و وەبیر هێنانەوەی مەزڵوومییەتی ئەم خەڵکە بە جیهان چ گرینگییەکی هەیە ؟

پرسی فەڵەستین و پرسی قودس، تەنها تایبەت نییە بە وڵاتێک ۆ ناوچەیەکەوە. بەڵکوو پرسێکی جیهانی ئیسلامییە بە گشتی . ئەم پرسە مەسەلەیەکی هەم ئیسلامییە لە ڕوویکەوە وە هەم نەتەوەییە بە نیسبەت وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ ئەرکی سەرشانی هەموو جیهانی ئیسلامە. خۆشیان دەزانن کە بێگومان دەبێ بەرگری لە قودس بکەن وەکو پێگەیەکی گرنگی موسڵمانان و هەروەها فەڵەستینیش بەهەمان شێوە شوێنێکی گرنگە. مەزڵوومیەتی خەڵکی فەڵەستین کێشەیەکی گەورەی سەدەی بیستەمە. خاکی فەڵەستین لە لایەن قەوارەی ئیسرائیل و یاخود لە لایەن جوولەکەی داگیر کەرەوە ستەمیان لێدەکرێت.

بۆیە بە ڕاستی ڕۆژی جیهانی قودس گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. لەو ڕۆژەدا کە بێگومان وڵاتان بە گشتی و کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەتی کە لەم ڕۆژەدا خۆپیشاندان و هەروەها مەڕاسیمی گەورە وە ئیدانەکردنی قەوارەی ئیسرائیل و جوولەکە ئەکەن. بێگومان ئەمە کارێکی گرنگە و کاریگەری خۆی دەبێت بە تایبەتی ئەگەر ببینین کە لەم کاتەدا کە جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، یادی ڕۆژی جیهانی قودس دەکرێتەوە هاوکات لە ئەو شەڕە توندوتیژانەی کە بەرامبەر خەڵکی غەزە بۆ ماوەی شەش مانگە بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی فەڵەستین و غەزە کە بەشی هەرە زۆریان لە منداڵ و لە ژن و خەڵکی مەدەنین .

لەم کاتەیە ڕۆژی جیهانی قودسی ئەمساڵ گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لەگەڵ ئەم شەڕەدا لەگەڵ ئەم هێرشەدا هاوکاتە بۆیە گرنگە کە وڵاتانی ئیسلامی بە گشتی لە ڕۆژی جیهانی قودس ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن و بڕژێنە سەر شەقامەکان تاوەکوو ئیدانەی ئەو کارانەی جوولەکە بکەن کە بەرامبەر بە قودس دەیکات.

تاکوو ڕایەکی گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێننە سەر خەت بە تایبەتی وڵاتانی زلهێز یان نەتەوەگرتووەکان زیاتر بێننە سەر خەت کە بتوانن لە ڕێی کۆمەڵێک بڕیاری تازەوە یاخود لە ڕێی کۆمەڵێک ئیجرائات و ڕێوشوێنەوە، سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژانەی ئیسڕائیل بەرامبەر خەڵکی غەزە دابنن.

بێگومان تاوەکوو ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکە لە ڕۆژی جیهانی قودسی ئەمساڵدا فراوانتر بێ، کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێ وە گرنگی تایبەت و بایەخی خۆی دەبێت.