AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
چوارشەممە

٢٧ ئازار ٢٠٢٤

٢:١٨:٠٠ د.ن
1447238

ڕێبەری باڵای ئێران: خۆڕاگری بێ وێنەی بەرخۆڕان و خەڵکی غەززە شەرەفی بە ئیسلام بەخشیوە

ئێوارەی ئەمڕۆ ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی فەرمانگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و شاندی یاوەری لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی کۆبووەوە.

 ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین (حەماس) و ئەو شاندەی کە سەفەری تارانیان کردووە، لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دیدار و وتووێژیان کردووە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە دیدارێکدا لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و شاندی یاوەری، ڕێزی لە هەڵوێستی بێهاوتای هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین و خەڵکی غەززە گرت و جەختیان لەوە کردەوە: سەبووری مێژوویی خەڵکی غەززە لە بەرامبەر تاوان و دڕندەییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پشتیوانی تەواوی ڕۆژئاوا ، دیاردەیەکی گەورەیە کە بەڕاستی شەرەفی بە ئیسلام بەخشیوە و پرسی فەلەستینی کردووە بە یەکەم پرسی جیهان سەرەڕای ئیرادەی دوژمن.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ڕایانگەیاند: کوشتوبڕی خەڵکی غەززە و ژینۆساید لەم ناوچەیە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ئاڵۆز دەکات و زیادیان کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دۆزی فەلەستین و خەڵکی ستەملێکراو و خۆڕاگریی غەززە، درێخی لە هیچ پشتیوانییەک ناکات.

ئایەتوڵڵا خامنەیی پرسی پشتیوانی ڕای گشتیی جیهانی و ڕای گشتی جیهانی ئیسلام و بەتایبەت جیهانی عەرەبی بۆ خەڵکی غەززەیان بە گرنگ هەڵسەنگاند و وتیان: کاری میدیاییەکانی بەرخۆدانی فەلەستین زۆر باش بووە تا ئێستا و لە پێش دوژمنی زایۆنیستیەوەن، و لەم ڕووەوە، زیاتر لەوەی پێشوو دەبێت هەنگاو بنێن.

هەروەها ڕێزیان لە یادی شەهید "العروری" یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس گرت کە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستیەوە شەهید کرا و ئاماژەیان بەوەدا: ئەم شەهیدە بەڕێزە کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو بوو کە کۆتایی خۆشی شەهیدبوونی پاداشتی خودا بوو بۆ هەوڵەکان.

لەم دیدارەدا ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس وێڕای سوپاس و پێزانینی پاڵپشتی گەل و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پرسی فەلەستین و بەتایبەتی خەڵکی غەززە، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر دوایین ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی شەڕی غەززە.

342/