AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
یەکشەممە

٢٤ ئازار ٢٠٢٤

٢:٣٤:٣٩ د.ن
1446545

ئازادی ڕادەربڕین لە دهۆک و هەولێر بوونی نییە/ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵ تەنیا زەرەری بۆ پارتیە

ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەڵێت: بریارەکانی دادگای فدراڵ هەست ناکرێ زەرەری بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت بەڵام لە زەرەری پارتیە.

 بەشی نێودەوڵەتی_حەلیمە مەڵایی: رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند: بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.

ئاماژەش درا کە "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕای عێراق و ئەو بڕیارەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داویەتی هەواڵنێری مێهر گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستا فارۆق عەلی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان کردووە کە دەقەکەی لە دێڕەکانی خوارەوە بڵاو بووەتەوە.

مێهر: ئەو بڕیارەی کە دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان داویەتی و پارتی پێ قەڵس بووە ، بۆ بەردەنگانمان روون بکەنەوە، زیانی ئەم بڕیارە بۆ کورد چییە ؟

ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دواخستنی بەبیانووی جیاواز و ناتەبایی لایەنە کوردییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و ژمارە و شێوازی کۆتاکان و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگ دەران ،ئەوخاڵانەبوون کە ڕای جیاوازیان لەسەر بوو،ئەمانە وایان کرد بەهۆی سکاڵای هەندێ لایەن لەسەردواکەوتنی هەڵبژاردنەکان دادگای فیدڕاڵی چەند بڕیارێک دەربکات ، لەچەند قۆناغێکی جیاوازدا،کەزۆر بەی لایەنە سیاسیەکان پێشوازیان لەبڕیارەکانی دادگا کرد ،جگە لەپارتی دیموکراتی کوردستان ،ئیتر لەو کاتەوە پارتی بەشێوەیەکی نەرێنی لەدادگای فدراڵی ڕوانیوە،تائەوکات جارێکی دی لەسەرسکاڵای کەسانی تر دادگای فدراڵ لەسەر مووچەی فەرمانبەران و وادە و یاسای هەڵبژاردن بڕیاری نوێ دەردەکات ،ئەم بڕیارانەش بەتەواوەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی پارتی ناکۆکە و بەبیانووی سیاسی بوونی بڕیارەکانی دادگا ،ئەوبڕیارانەی تایبەتن بەهەڵبژاردن و مووچەوە ڕەدیان دەکاتەوە. ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان بەرپرسیارن لەوەی نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئیدارەی کاروبارەکان بدەن و لەناوهەرێمەوە سکاڵا بەرز کراوەتەوە بۆ دادگای فدراڵ و لەئەنجامی بڕیاری دادگاکەوە زۆربەی هەرەزۆری لایەنەکان و هاووڵاتیان پێشوازیان لێی کردووە و بەكارێکی باشیان زانیوە.

ئەگەر زیانی بۆ کورد نییە، زیانی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و بە دیاریکراوی بۆ پارتی چییە ؟

بریارەکانی دادگای فدراڵ هەست ناکرێ زەرەری بۆ قەوارەی هەریم هەبێت بەڵام بێگومان بەتایبەت ئەوەی پرسی یاسای هەڵبژاردن و کۆتاکانە لەزەرەری پارتیەو ئەوەشە بەشێوەیەکی سەرەکی وای کردوە پارتی بڕیارەکانی دادگا ڕەت بکاتەوە.

بۆ تەنیا پارتی پێ ناڕازییە؟

ئەوەی تایبەتەبەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەپرسی کۆتاکاندا زیانی بۆ پارتی هەیە چونکە ئەویانزەکورسیە بەداخەوە بەدرێژایی بەشداربونیان لەخولەکانی پەرلەمان ئەوەندەی خزمەتیان بەبەرژەوەندییەکانی پارتی کردووە ئەوەندە لەخزمەتی خۆیاندا نەبوون،لەچواربازنەیی هەڵبژاردنەکانیش بەهەمان شێوە لەزەرەری پارتیە چونکە جاران بەهۆی ڕێژەی زۆری بەشداربوونی دانیشتوانی دهۆکەوە لەسەرحسابی سنوورەکانی تر زۆرترین پاڵێوراوی پارتی دەچووە پەرلەمان،ئێستا بەم یاسا نوێیە ئەودەرفەتەی کەم کردۆتەوە نەیهێشتووە،تۆماری دەنگدەرانی کوردستانیش جیاوازی هەبوو لەتۆماری دەنگدەرانی حکومەتی فدراڵ بەپیی بریاری دادگای فدراڵ کاربەتۆماری دەنگدەرانی عێراق دەکرێت، و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان دەکات ،ئەمانە هەموی لەبەرژەوەندی پارتی نین و بواری ساختەکاریش کەم دەکاتەوە.

پارتی دیمۆکراتی هەرێمی کوردستان باس لە ئەگەری کشانەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و چوونە دەرەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکات، تا چەن پێتان وایە ئەمە ڕوو بدات؟ ئەگەر ڕوو بدات خەساری بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە چۆناوچۆن دەبێت ؟

پێم وانیەپارتی دیموکراتی کوردستان لەپرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە ،پارتیش باش ئەوەدازانی کە لەئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی کوردستان تەبانین و گلەیی زۆریان لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم هەیە ،تەنها وەک فشار و بۆ زانینی هەڵوێستی لایەنەعێراقیەکان ئەو بابەتە باس دەکات ئەگینا بەدوری دەزانم پارتی ئەوکارەئەنجام بدات کەلەپرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە،
لەحاڵەتی وادا لەوانەیە لەسەرەتاوە کاریگەری لەسەربارودۆخەکە هەبێبەڵام بۆ دورمەوداو لەدواجاردا لەزەرەری پارتی خۆی دەشكێتەوەو خۆی دادەبڕێ لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و ئەو هەژموون و دەسەڵاتەی کەهەیەتی.

خەڵکی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە بە دەس کێشەی مووچە و دواکەوتن و پاشەکەوتی مووچەوە دەناڵێنن، زیاتریش مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە، چۆنە لە هەولێر و دهۆک ئەو کێشەیە نییە ؟ ئەنقەست و مەبەستێک لەم کارەدا هەیە ؟

بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی و ناشەفافی لەداهات و خەرجی،بارودۆخێکی وابەسەرهاوڵاتیان دا هاتووە کەجۆرەها قەیران یەخەی گرتوون ،موچەخۆران و فەرمان بەران بەبێ جیاوازی لەباروگوزەرانێکی زۆر خراپ دان ،ئەم خراپیە بەبێ جیاوازی دانیشتوانی دهۆک و هەوڵێر و سلێمانی و هەڵەبجەی گرتۆتەوە،بەڵام ئەوەڕێگریە لەفەرمانبەرانی دهۆک و هەولێر کەناتوانن بەئازادی گوزارشت لەراو بۆچونی خۆیان بکەن و داوای مافی خۆیان بکەن،واتە کێشەی موچە لەتەواوی هەرێمی کوردستان هەیە ،بەڵام لەسنوری دهۆک و هەولێر ئازادی رادەربڕین نیە.
کەی کێشە و قەیرانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کۆتایی دێت ؟ بە چی کۆتایی دێت ؟
هەرێمی کوردستانی عێراق چوارچێوەیەکی سیاسی سەلمێنراوی دەستوریی یاسایی دەوڵەتی فدراڵی عێراقە،بەهۆی مانەوەی هەندێ کێشەوگرفتی عاڵقێنراو لەنێوان حکومەتی مەرکەزی و هەرێمی کوردستان بەردەوام کێشەو گرفت و ئاڵۆزی لەنێوان هەردولادا هەبوە،بەتایبەتی جێبەجێ نەکردنی ماددەی ۱٠٤ی دەستور .
بەشێکی زۆری ناتەباییەکانیش دوای بەرنامەی ئابوری سەربەخۆی هەرێم و راستەوخۆی فرۆشتنی نەوت و دواتریش ئەنجام دانی ڕیفراندۆم بوو لەهەرێمی کوردستان کەبەشێوەی سەرەکی پارتی و یەکێتی ڕابەرایەتیان دەکرد.

بەداخەوە کێشەو گرفتەکانی نێوان هەرێم و ناوەند زۆرن هەندێکی بۆ جێبەجێ نەکردنی مادەی ۱٤٠دەگەڕێتەوە هەندێکیشی بێ متمانەییەلەنێوان لایەنەکانی هەرێم و عێراق،بەشێکیشی بۆئەوەدەگەرێتەوە کە ایەنەکانی ناوەراست و باشوری عێراق تەنها پارتی و یەکیتیان بە نوێنەری کورد ناسی بوو ،بۆچارەسەری کێشەوگرفتەکان پێویستە بگەرێینەوەبۆ جێ بەجێکردنی دەستورو مادەکانی ۱٤٠و دروست کردنی متمانە لەنێوان لایەنەکان

کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی لەسەر بڕیاری دادگای فیدڕالی چییە ؟

کۆمەڵی دادگەری بەفەرمی پێشوازی لەبڕیارەکانی دادگای فدراڵ کردوە و هیواش دەخوازین دادگای فدراڵیش بەهۆی هەڵەی لاینێکەوە لەبەهانە نەگەڕێ لەبەرامبەر هەرێمی کردستان.