AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
یەکشەممە

١٧ ئازار ٢٠٢٤

٨:٢٩:٥٨ د.ن
1445223

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی: ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بووە ماڵوێرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی رایگه‌یاند: هۆشداری توند بە دەسەڵات دەدەن، کە ئەگەر چیتر موچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات.

 ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌ کە "پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان دەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "پێشتر کەلەڕەقیی و پێداگیریی دەسەڵاتمان لە چەسپاندنی ئابووری سەربەخۆ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بینیی؛ کە دەرئەنجامەکەی لە خزمەتی بنەماڵە و حیزبەکاندا بوو، ماڵوێرانی و بەشمەینەتییەکەشی بۆ هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی ستەملێکراو بوو، لە ئێستاشدا جارێکی دیكه‌، دەسەڵات بەپاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستکردنی هەژماری من و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بدزێتەوە".
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هۆشداری توند بە دەسەڵات دەدەین، کە ئەگەر چیتر موچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات، ئەوا هەمو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و لە داهاتویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕدەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتیی. (ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت)".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئەگەر دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی و دادگای فیدراڵیی و خەڵکی ئەم سنوورە، ئەوا با ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدات بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کارت بۆ مووچەخۆران دروستبکرێت؛ چونکە بڕیاری دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان؛ لەلایەن هەمان دادوەرو دادگا و لە هەمان ڕۆژدا، دەرچوۆە، ناکرێت بۆ یەکێکیان خۆڵەمێشیانە مامەڵە بکەیت و بۆ ئەوی تریان شایی بگێڕیت".
ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دروستکراوی مووچە، هەروەها داوا لە چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر دەکەین، کە بێدەنگیی بشکێنن و هەنگاوبنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمەی دەسەڵات، کە ساڵانێکی زۆرە بەسەرماندا سەپاندویانە".

له‌ سه‌ره‌تای پڕۆسه‌ی خوێندندا فه‌رمانبه‌رانی و مامۆستایانی له‌ سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان له‌ 13ی (ئه‌یلول/9)ی 2023وه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ پێنج مانگ بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنیان كرد، به‌ڵام دوای فشاره‌كان بۆ لێپرسینه‌وه‌ی مامۆستیان كۆتاییان به‌ بایكۆت هێنا و گه‌ڕانه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن.

342/