AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : mehrnews
چوارشەممە

١٤ شوبات ٢٠٢٤

٦:٣٩:٣٤ د.ن
1437779

لێدوانی نوێی مەسعود بارزانی لەسەر مانەوەی ئەمریکا لە عێراق

مەسعود بارزانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند: مانەوەی هێزی هاوپەیمانان پرسێکی نیشتمانییەوە و پەیوەست نییە بە یەک پێکهاتەوە.

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ دەیڤید برگەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردەوە، پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن.

مەسعود بارزانی وتیشی: بابەتی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان پرسێكی نیشتیمانییە و پەیوەست نیە تەنیا بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو و دەبێت ئەم بابەتە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بگەنە ڕێككەوتن و ئەنجام.

هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە
ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەبێت هەمو پێكهاتەكانی عێراقیش ئەو ڕاستییە بزانن كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەركی پەرلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق دەبێت دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێكەوتە و هاوكێشەكانی هەرێمایەتی و دەبێت بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی هەمو شوێن و پێكهاتەكانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆتایشدا ئەوەی خستەڕوو هەموو لایەکیش باش دەزانن ئەگەر ئەمەریکا ڕژێمی پێشوی نەڕووخاندبا و یارمەتیی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەستەڵاتدارن هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن.

342/