AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
دووشەممە

٥ شوبات ٢٠٢٤

٧:٣٥:١٤ د.ن
1435553

پێشکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری پیشەسازی

لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لە بوارە ئابوورییە جۆراوجۆرەکاندا کاری باش کراوە، بە جۆرێک کە ئێران لە هەندێک پیشەسازیدا پلەی بەرزی جیهانی هەیە.

 بەشی نێودەوڵەتی: یەکێک لەو کەرتە ئابووریانەی کە توانای بەرهەمهێنانی بەرزی هەیە، کەرتی پیشەسازی ئێرانە.

سەبارەت بەم تایبەتمەندییە نیشانەی جۆراوجۆر هەیە. چیمەنتۆ، پۆڵا، پترۆکیمیایی و وزە لەو کەرتانەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕیزی وڵاتانی پێشەنگی جیهاندایە.

1- پیشەسازی چیمەنتۆ
بەرهەمی چیمەنتۆی ئێران لە کۆتایی سەردەمی دەسەڵاتداریی پەهلەوی ساڵانە ٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تۆن بووە کە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا گەیشتە ١٧ میلیۆن تۆن، بەڵام لوتکەی گەشەسەندنی ئەم پیشەسازییە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد و بەرهەمی وڵات گەیشتە ژمارەیەکی پێوانەیی لە 70 ملیۆن تۆن لە ساڵی 2019. به پێی ڕاپۆرته کان، نزیکه ی ٧٦ کۆمپانیای بەرمهێنەر له بواری چیمەنتۆ و کلینکر له ئێران به توانای نزیکه ی ٨٨ میلیۆن تۆن هەیه . کەرەستەی خاوی پیشەسازی چیمەنتۆ بریتین لە بەردی ئاهەک، بەردی گەچ، سیلیس، بەردە ئاسن، ئالۆمنیۆم، مارل، پۆزۆلان، سەربارە و هتد. هەموو کەرەستەی خاوی پیشەسازی چیمەنتۆ لە ناوخۆی وڵاتەوە دەستدەکەوێت و دابین دەکرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ پلەی چوارەم و لە ساڵی ٢٠١٥ لە پلەی شەشەمی پیشەسازی چیمەنتۆدا بوو، بەڵام دابەزی بۆ ١٠هەم و لە ئێستادا لە پلەی هەشتەمدایە.
لە نێو وڵاتانی ناوچەکەدا تەنیا تورکیا لە ئێران پلەی بەرزتری هەیە. بڕی بەرهەمی چیمەنتۆی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤ ملیار و ١٠٠ ملیۆن تۆن بووە. چین تا ئێستاش پێشەنگی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە بە بەرهەمهێنانی 2 ملیار و 100 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ و لە پلەی یەکەمی جیهاندایە، هیندستان لە پلەی دووەمدایە بە بەرهەمهێنانی 370 ملیۆن تۆن و ڤێتنامیش لە پلەی سێیەمدایە لە جیهاندا. لە ساڵی 2022 بە بەرهەمهێنانی 120 ملیۆن تۆن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەرهەمهێنانی ٩٥ ملیۆن تۆن چیمەنتۆ و تورکیا بە بەرهەمهێنانی ٨٥ ملیۆن تۆن چیمەنتۆ توانیان پلەی چوارەم و پێنجەم لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەدا وەدەست بێنن. لەم ڕیزبەندیەدا بڕازیل بە ٦٥ و ئەندەنوسیا بە ٦٤ ملیۆن تۆن لە پلەی شەشەم و حەوتەمدایە. هەروەها ڕووسیا بە ٦٢ میلیۆن تۆن، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران توانای بەرهەمهێنانی ٨٨ ملیۆن تۆن چیمەنتۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە ئاستەنگ لە دابینکردنی سووتەمەنی گازۆیل و گازدا هەیە.

2- پیشەی پۆڵا
پیشەی پۆڵا دەتوانرێت بە یەکێک لە بناغە گرنگەکانی ئابووری لە هەر وڵاتێکدا هەژمار بکرێت، بە جۆرێک کە تەنانەت سەرانەی بەکارهێنانی پۆڵا وەک نیشاندەرێک دادەنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی باری پیشەسازی وڵاتێک. هەموو جۆرە بەرهەمێکی پۆڵاین یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا و چەندین بەکارهێنانیان هەیە. بەکارهێنانی هەموو جۆرە ئاسنێک لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بە ڕوونی دەبینرێت، لە هەموو بینا و ئۆتۆمبێل و کەشتی و فڕۆکێکەوە تا دەگاتە ئەو ئامێرە بچووکانەی کە لە ماڵەکاندا بەکاردەهێنرێن وەک ساردکەرەوە و ئامێری جل شۆردن و هتد، بەرهەمی پۆڵای تێدا بەکاردەهێنرێن.
ئێران پێش شۆڕش و دوای شۆڕش گرنگییەکی تایبەتی بە پیشەسازی پۆڵا دا. بەپێی ئاماری کۆڕبەندی جیهانیی پۆڵا، بەرهەمی ساڵانەی پۆڵای خاو لە ئێران پێش شۆڕش یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە ٢٩ ملیۆن تۆن. بە پێی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی جیهانی پۆڵا، پیشەسازی پۆڵاینی ئێران بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تۆن پۆڵای خاو لە ١٠ی سەرماوەز تا ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، گەیشتە ڕیکۆردێکی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ٣١ ملیۆن و ١٠٠ هەزار تۆن. بە واتایەکی تر لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی پۆڵای خاوی ئێران زیاتر لە ١٧ هێندە زیادی کردووە. پێش شۆڕش پشکی ئێران لە بەرهەمهێنانی جیهانی پۆڵاى خاودا 0.4 بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 1.4%. چین خاوەنی 54.3%ی بەرهەمی پۆڵا لە جیهاندایە، هیندستان بە 5.6%ی بەرهەمی پۆڵای جیهان لە پلەی دووەمدایە، ژاپۆن، ئەمریکا، ڕووسیا، کۆریای باشوور، ئەڵمانیا، تورکیا، بەرازیل لە پلەی سێیەم تا نۆیەمی جیهانن، ئێرانیش لە پلەی دەیەمدایە. دیسان تەنیا تورکیا لە ناوچەکەدا پێش ئێرانە. ئامانجی وڵات بەرهەمهێنانی 55 ملیۆن تۆن پۆڵایە تا ساڵی 1404. خواستی بازاڕی ناوخۆ بۆ بەرهەمە پۆڵاییەکان بە ٢٠ بۆ ٢٤ ملیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت. بەهۆی گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ناوخۆدا، ئێران بووەتە یەکێک لە وڵاتانی هەناردەکار لەم پیشەسازییەدا. ئێران لە ڕیزبەندی شازدەهەمی وڵاتانی هەناردەی پۆڵادایە. ئێران لە ڕیزی ١٠ بەرهەمهێنەری جیهانیی پیشەسازی پۆڵادایە، لە کاتێکدا ئەم کەرتە لە ژێر ئابلۆقەی ئەمریکادا بووە.

3- پیشەسازی پترۆکیمیایی
پیشەسازی پترۆکیمیایی یەکێکە لەو پیشەسازیانەی کە جێگەی سەرنجی زلهێزە گەورەکانە. چین، یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩دا زۆرترین فرۆشی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانیان هەبووە. ئەمڕۆ وڵاتانی تازەگەشە کردووی ئاسیا لەڕووی فرۆشتنی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانەوە لە ڕیزبەندی ١٠ باشترینەکاندان، لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یابان. پیشەسازی پترۆکیمیایی یەکێکە لە پیشەسازییە دیارەکانی چەند دەیەی ڕابردوو، گرنگیدانی تایبەتی وڵاتان بەم پیشەسازییە بووەتە هۆی خۆشگوزەرانی و فراوانبوونی لە جیهاندا، ئێستاش ئەم پیشەسازییە بە سێیەم گەورەترین پیشەسازی جیهان دادەنرێت لە دوای پیشەی خۆراک و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل.
بەپێی ئاماری وەزارەتی نەوت، بەرهەمی پترۆکیمیایی ئێران پێش شۆڕش ساڵانە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن بووە. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا، پیشەسازی پترۆکیمیایی گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە. شەڕی سەپێنراو بووە هۆی وەستانی گەشەسەندنی پیشەسازیی پترۆکیمیای ئێران و لەو ماوەیەدا هەرچەندە پلانی پەرەپێدانی پترۆکیمیای شیراز تەواو بوو، بەڵام دروستکردنی پترۆکیمیایی بەندەری ئیمام ڕاگیرا. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی سەپێنراوی نێوان ئێران و عێراقدا، ئاوەدانکردنەوەی ئەو مەکۆیانەی کە لە شەڕەکەدا زیانیان بەرکەوتبوو، تا ساڵی ١٣٧٣ بەپێی یەکەم پلانی گەشەپێدان بەردەوام بوو، هەروەها کەڵک وەرگرتن لە هەندێک پڕۆژەی بنەڕەتی، لەوانە ئیسفەهان پترۆکیمیا و ئەراک پترۆکیمیا و تەواوکردنی مەکۆی بەندەر ئیمام لەم کاتەدا ڕوویدا. لە پلانی گەشەپێدانی دووەمدا جێبەجێکردنی پلانی گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەم چڕتر بووەوە و بەرهەمهێنان گەیشتە ١٢ ملیۆن تۆن لە ساڵی کۆتایی پلانی دووەمی (١٣٧٨)دا. وەبەرهێنان لە پیشەسازی پترۆکیمیایی لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا بەردەوام بوو، بەجۆرێک کە لە ئێستادا ٧٠ کۆمپلێکسی پترۆکیمیایی لە پیشەسازی پترۆکیمیای ئێراندا کاردەکەن. پیشەسازی پترۆکیمیای ئێران لە ساڵی ١٤٠١دا نزیکەی ٧٠ ملیۆن تۆن بەرهەمی پترۆکیمیایی بە ٧٠ کۆمپلێکسی چالاک (واتە ٤٣ ئەوەندەی پێش شۆڕش) بەرهەم هێنا، لە کاتێکدا ئێمە توانای نزیکەی ٩٢ ملیۆن تۆنمان هەیە. لە ئێستادا 27%ی توانای بەرهەمهێنانی پترۆکیمیایی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و پشکی ئێمەش لە جیهاندا 2.7%یە. لە ڕۆژئاوای ئاسیا، سعودیە لە ئێران بەرزترە. بەپێچەوانەی کەرتی ئۆتۆمبێل کە زیاتر سەرنجی لەسەر بازاڕی ناوخۆیە، پیشەسازیی پترۆکیمیایی ئێران هەناردەکردنە و لە هەناردەکردنی غەیرە نەوتی وڵاتدا 21% پشکی هەیە.
یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگی پەرەپێدانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی بۆ ئێران کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزا و گەمارۆکانە. بە هۆی ئەو سیاسەتەوە زۆرترین ئەو فشارەی کە حکوومەتی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیڕەوی کردووە، کە بە تایبەتی کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوتی ئێران هەبووە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمارێکی تایبەتی لەسەر پیشەسازیی پترۆکیمیایی کردووەتەوە. هۆکارێکی سەرەکی ئەوەیە کە پیشەسازی پترۆکیمیایی لە ڕێگەی نەوتەوە سووتەمەنی پێدەدرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت، کە بەهۆی سزاکانەوە ناتوانێت بەشێکی زۆری نەوتەکەی هەناردە بکات. بەم پێیە بەرهەمهێنانی نەوت و بەکارهێنانی لە پیشەسازی پترۆکیمیاییدا یەکێکە لە ڕێگاکانی پووچەڵ کردنەوەی سزاکانی ئەمریکا.

4- کەرتی وزە
بێ گومان کەرتی وزە، بەتایبەتی نەوت و گاز، گرینگترین کەرتی ئابووری ئێرانە، چونکە زۆربەی داهاتی وڵات لە لایەن ئەم کەرتەوە دابین دەکرێت. لە دوای ڤەنزوێلا و سعودیە و کەنەدا، ئێران بە 160 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی سەلمێنراو لە جیهاندا لە پلەی چوارەمدایە. ئێران هێشتا دووەم گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی گازی لە جیهاندا هەیە و یەدەگی گازی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئاستی ٣٣.٩٨ تریلیۆن مەتر سێجادا بووە. ڕووسیا بە یەدەگی 47.75 ترلیۆن مەتر سێجا لە پلەی یەکەمی جیهاندایە. ئەنجامی دۆزینەوەکانی نەوت و گاز دەریدەخات کە 25%ی یەدەگی نەوت دوای سەرکەوتنی شۆڕش دۆزرایەوە، لەکاتێکدا لە کەرتی گازدا زۆربەی دۆزینەوەکان (75%) پەیوەندییان بە قۆناغی دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە هەبووە. پەرەسەندنی کەرتی نەوت و گازی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەم کەرتانە لە بەردەم توندترین سزای ڕۆژئاوادان و تەکنۆلۆژیای سەردەمیانە نەخراوەتە کەرتی نەوت و گازی ئێرانەوە. ئەم دۆخە ئەوە نیشان دەدات کە هەرچەندە پشتبەستن بە ئابووری نەوت زیانێکی گەورە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووری ئێران، بەڵام هێشتا کەرتی نەوت و گازی ئێران توانای زۆری هەیە کە لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆکان، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوتر لە ئابووری ئێراندا بگێڕێت، بەتایبەتی لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان لە پیشەسازی پترۆکیمیاییدا
ئەنجام
ئەگەرچی تەنگژەی ئابووری گرنگترین تەنگژەی بەردەم کۆماری ئیسلامی ئێرانە و خەڵکیش لە ڕووی ئابوورییەوە ناڕازین، بەڵام لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لە بوارە ئابوورییە جۆراوجۆرەکاندا کاری باش کراوە، بە جۆرێک کە ئێران لە هەندێک پیشەسازیدا پلەی بەرزی جیهانی هەیە. بێ گومان ئەگەر گەمارۆ نامرۆڤانەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا نەبوایە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری ئابووریدا ئاستێکی زۆر باشتری دەبوو.