AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
پێنجشەممە

٢١ کانونی یەکەم ٢٠٢٣

٣:٣٣:٤٦ د.ن
1422352

مەترسیدارترین شوێن بۆ منداڵان غەززەیە

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: غەززە مەترسیدارترین شوێنی جیهانە بۆ منداڵان و ئاماژە بەوەش دەکات، هەزاران منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست تووشبوون بە نەخۆشی و کەمیی ئاو، خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنن.

 جەیمس ئێلدەر، وتەبێژی ئاژانسی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە ژنێڤـی پایتەختی سویسرا بە رۆژنامەڤانانی وت: "من لەوە تووڕەم کە ئەو لایەنانەی دەسەڵاتییان هەیە خۆیان لەو کارەساتە مرۆییەی غەززە کە بەسەر ملیۆنان منداڵدا هاتووە، بێدەنگ دەکەن".

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 19 هەزار و 500 کەس لە غەززە کوژراون کە 70٪یان ژن و منداڵن.

جەیمس ئاماژەی بەوە کرد، "مەترسی لەسەر ژیانی هەموو منداڵانی غەززە هەیە. نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونس لە رۆژی 18 و 19ـی مانگ دوو جار هێرشی کراوەتە سەر و بەوهۆیەوەش ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە نەخۆشخانەکە بریندار بوون".

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دۆخی مرۆیی غەززە لە ئاستێکی مەترسیدارە و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی غەززە بێ ئاو، بی خۆراک و بێ پێداویستییە پزیشکییەکانن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، لە 36 نەخۆشخانەی غەززە تەنیا هەشت نەخۆشخانەیان کار دەکەن.

زیاتر لە 50 هەزار ژنی دووگیان لە غەززە دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان ناگات و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ گەیاندنی هاوکاری پێویستیان بۆ دەکات.