AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
شەممە

٨ تەمووز ٢٠٢٣

٨:٥٤:٥١ د.ن
1378016

دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بۆشایی یاسایی و دەستووری

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند: لەئێستادا کە پەرلەمانی کوردستان نەماوە دامەزراوەکانی دیکەش کەوتونەتە بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە

 سەڵاحەدین بەهائەدین، لەئێستادا کە پەرلەمانی کوردستان نەماوە دامەزراوەکانی دیکەش کەوتونەتە بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە.

دەشڵێت: "دەبوو هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرایە بەڵام ئەو بێئومێدیەی کە هەیە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و بەرهەمەکەی زۆر خراپ دەبێت".

سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمڕۆ شەممە لەمیانی وتارێکدا لە کۆنگرەی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان، رایگەیاند: "لەم دۆخەدا کە ئێمە پیایدا تێدەپەڕین ناتوانین ئەوە نادیدە بگرین کە کۆنگرەی ئێوە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی لە زنجیرەیەک قەیران و گرفت و کێشەدایە ئەوەی زۆرتر یەخەی هەمومان دەگرێت هەرێمەکەمانە، هەرێمێک کە دەیان ساڵ زەحمەتی بۆ بینراوە و کوشتاری بۆ کراوە و شۆڕشی بۆ کراوە، ئەمڕۆ کە گەیشتوەتە بەرهەم کراوەتە قوربانی ناکۆکی و ناتەبایی من منۆکێی هەندێک بەرپرسی نابەرپرس.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بۆشایی یاسایدایە، ئەوە جاری دوەمە پەرلەمان پەکدەخرێت، یان دۆخێک دەسازێنن کە پەرلەمان نەمێنێت، ئەوە لەجیاتی قەدرزانینی و کاری پەرلەمانی و حسابکردنێکی زۆرتر بۆ پەرلەمان وەکو دامەزراوەیەکی یاسادانان و چاودێر، وەزعێک دروستدەکەن کە پەرلەمان نەمێنێت کە ئەویش نەما هەمو دامەزراوەکانی دیکەش دەبنە کاربەڕێکەر و بەسەرچو، ئەمە سەقەتی و عەیبدارییەکی گەورەیە.

سەڵاحەدین بەهائەدین باسی لەوەشکرد، پەیوەندی هەرێم لەگەڵ وڵاتان "زیاتر لە پابەندی و گوێڕایەڵی دەرچێت، کە نەدەبو وابێت، دەبو پەرلەمان هەڵبژاردنی بۆ بکرێت بەڵام دواخرا و ئەو بێوئومێدیەی کە بەردەوام هەیە رۆژ بە رۆژ کاری لەسەر دەکرێت کە بەردەوام بێت و تاکڕەوی و هەرکەس بۆ خۆی و هەر کەس لە دەڤەری خۆی هەمەکارە بێت ئەمە حاڵەتێکی ناتەندروستە و بەرهەمیش زۆر خراپ دەبێت.

ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان وتیشی، "هەرگیز بەم دۆخە رازی نین و ناشبێت رازی بین، بێگومان ئێمە تاقمی بڕوخێ بڕوخێ نەبوین و ناشبین، بەڵام وەختێک دەبینین حاڵەتەکە بەرەو داڕوخانە دەبێت قسەی تیا بکەین و هەڵوێستمان هەبێت و کاری لەسەر بکەین بێگومان بە تەبیعەتی خۆمان و شێوازی کاری خۆمان و ناڕازیین بە هەمو ناعەدالەتی، نایەکسانی و ناڕێکی و پابەندی و نۆکەرایەتییەک کە هەیە و ئەم قەوارەیە بە پێویست دەزانین و کاریشی لەسەر دەکەین.

342/