AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
دووشەممە

١٥ ئایار ٢٠٢٣

٤:٤٣:١٧ د.ن
1365946

ئەردۆغان: بە مەودایەکی زۆرەوە لە پێشەوەین، ئەگەر بچینە قۆناغی دووەمیش ھەمیسان ھەر سەردەکەوین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستا و کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم وڵاتە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: لەم هەڵبژاردنەدا بە مەودایەکی زۆرەوە لە پێشەوەین.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە کەناڵی ئەلجەزیرە، ئەردۆغان کە لە بەردەم بارەگای پارتی دادو گەشەپێدان لە ئەنقەرە و لەبەردەم لایەنگرانی قسەی دەکرد، وتیشی: دەزانین لەم هەڵبژاردنەدا لە پێشەوەین، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامە فەرمییەکان دەمێنینەوە، کە دەربڕی ئیرادەی نیشتمانییە.

ئەوەشی خستەڕوو: تورکەکان بە بۆ ئامادەبوونیان لە ناوەندەکانی دەنگدان پابەند بوونی خۆیانیان بە دیموکراسی نیشان دا.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند، براوە سەرەکییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، خەڵکی تورکیا و وڵاتەکەمانن کە پابەندبوونیان بە ئیرادەی نەتەوەیی نیشاندا.

ئەردۆغان وتیشی: ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە جیهاندا ناوازەیەو ئەمەش گەورەترین بەشدارییە لە مێژووی سیاسیی وڵاتەکەماندا.

ئاماژەی بەوەشکرد: پارتی هاوپەیمانیی میللەت و بەشێک لە بەرپرسانی شارەوانییەکان هەوڵیاندا گومان بخەنە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەم بابەتە هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕاستییەکاندا بەدی ناھێنێ.

ئەردۆغان گوتیشی: تورکیا یەکێک لە باشترین میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی لە دنیادا ھەیە، کەسیش بۆی نییە دڕدۆنگی لە بارەیەوە دروست بکات و بیخاتەژێر پرسیارەوە، دەبێ ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیردرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: پێشبینی دەکەین هەموو لایەنەکان پێگەیشتنی دیموکراسی پیشان بدەن و ئەمڕۆ گەل بڕیاری خۆی داوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ گوێدانە ئەنجامەکە و ئەوەی کە هاوڵاتیانی تورکیا دەنگیان بە کێ داوە، سوپاس و پێزانینم بۆ ئەو ٥٦ ملیۆن تورکیاییە ئاراستە دەکەم.

ئەردۆغان وتیشی: بە پشتبەستن بە سیستەمی کاندیدی براوە لە تورکیا، هێشتا نازانین ململانێ کۆتایی هاتووە یان هێشتا ماوە، نازانین پێویستمان بە خولی دووەمی هەڵبژاردن هەیە یان نا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر میللەت بڕیاری داوە ئەم هەڵبژاردنە بباتە خولی دووھەم، ئەوا ئێمەش ئامادەین بۆی و لە سەرکەوتنی خۆمان دڵنیاین.

ئەردۆغان داوای لە هەموو چاودێران و کاربەدەستانی بەرپرسیش کرد کە تا کۆتایی ژماردنەوەی دەنگەکان وریا و لە سەر ھەست بن.

ڕاشیگەیاند کە، ئێمە فەرمانەکانمان لە خوداو گەلی تورکیا وەردەگرین و بەڵێنمان داوە کە نوێنەرایەتی هەموو گەل بکەین.

342/