بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی کەناڵی تی ئاڕ تی ، لەگەڵ کشانەوەی «محەڕەم ئینجە» لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا، سێ ڕۆژ پێش دەنگدان، ڕۆژی یەکشەممەی حەوتەی داهاتوو هەڵبژاردن لە نێوان «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» کاندیدی هاوپەیمانیی «جمھور»و، «کەمال کلیچدارئۆغڵو» کاندیدی مێزی شەش لایەنە و هاوپەیمانی میللەت و «سینان ئۆغان» کاندیدی هاوپەیمانیی ئاتا بەردەوام دەبێت.
«محەڕەم ئینجە» چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە وەڵامی پێشنیاری کشانەوە لە ململانێی ھەڵبژاردن بەهۆی کەم بوونی دەنگەکان و دواکەوتنی لە ڕکابەرەکانی بە پشتبەستن بە ئەنجامی ڕاپرسییەکانی هەڵبژاردن، ڕایگەیاند کە تا کۆتایی لە گۆڕەپانی ململانێ دا دەمێنێتەوە.
«ئینجە» بە ڕەخنەگرتن لە ئەدای سەرجەم هاوپەیمانەکانی «کلیچدارئۆغڵو» ڕایگەیاند کە تەنها ئەگەر «ئەحمەد داود ئۆغڵو» و «عەلی باباجان» لە هاوپەیمانیی میللەت جیاببنەوە و واز لە پشتیوانیکردنی «کلیچدارئۆغڵو» بهێنن، لە گۆڕەپانی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکشێتەوە.
342/