بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵ، «ئیبراهیم کالین» وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «دی زەیت»ی ئەڵمانی، وێڕای گلەیی لە بێ بەڵێنیی ئەوروپییەکان بەرامبەر بەم وڵاتە، وتی: یەکێتی ئەوروپا لە ساڵانی ڕابردوودا ستەمی لە تورکیا کردووە.
کالین ئەوەشی ڕوون کردەوە: ئەوروپییەکان پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانیان لەمەڕ قبوڵکردنی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، هەموارکردنەوەی ڕێککەوتننامەی یەکێتی گومرگی و مافی هاتوچۆی ئازادانەی هاووڵاتیانی تورکیا لە وڵاتانی ئەندامی ئەم یەکێتییە.
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وتیشی: گەل و هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا متمانەیان بە ڕۆژئاوا نەماوە.
ئەم وتەبێژەی تورکیا باسی بەردەوامیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەندامانی ناتۆش کردو وتی: تورکیا بەشێکە لە ناتۆ و بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتیی ئەورووپا کار لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و یەکسانی و ڕێزگرتن لە مافە یەکسانەکان دەکات.
342/