AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
یەکشەممە

١٦ نیسان ٢٠٢٣

٦:٤١:١٣ د.ن
1358596

سەرۆکی ئەنجومەنی دەستەڵاتی گواستنەوەی سودان: دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە

فەرماندەی سوپا و سەرۆکی ئەنجومەنی دەستەڵاتی گواستنەوەی سودان ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ هێزێک نەیتوانیوە بچێتە ناو بارەگای فەرماندەیی گشتی و سەرجەم دامودەزگا ستراتیژییەکان و دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئێمە ھێشتاش هەموو هێزو بنکەسەربازییەکانمان بەکار نەهێناوە.

«عەبدولفەتاح ئەلبورھان» فەرماندەی سوپا و سەرۆکی ئەنجومەنی دەستەڵاتی گواستنەوەی سودان، ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند: لە ھێزەکانی کاردانەوەی خێرکرا کە چوونەتە نێو خارتومی پێتەختی ئەم وڵاتە داوای کردووە بگەڕێنەوە بۆ بارەگاکانیان و ئەگەر ململانێکان بەردەوام بوو، هێزەکانی سوپا لە هەموو ناوچەکانەوە بانگ دەکات بۆ خارتوم.

دوابەدوای ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی کاردانەوەی خێرا، فەرماندەی پاسەوانی سەرۆکایەتیی سودان ڕایگەیاند کە سوپا بەتەواوی کۆنترۆڵی فەرماندەیی گشتیی بەدەستەوەیەو "عەبدولفەتاح ئەلبورهان"، فەرماندەی سوپا و سەرۆکی ئەنجومەنی حوکمی سودان، لە شوێنێکی سەلامەتدایە و بە شێوەیەکی شەخسی چاودێری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات.

بەڵام میلیشیاکانی کاردانەوەی خێرا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە لە ئێستادا دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی و «بەیت زیافە»و فڕۆکەخانەکانی خارتوم و مەروی و ئەلئەبیەزدا گرتووە.

ناکۆکییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزی کاردانەوەی خێرا کە پێکەوە سەرکردایەتی کودەتاکەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ی ئەم وڵاتەیان کرد، لە چەند مانگی ڕابردوودا پەرەی سەندووە.

342/