AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
سێشەممە

٤ نیسان ٢٠٢٣

١:٥٢:١٨ د.ن
1356159

فینلاند بە ناتۆوە پەیوەست بوو

فینلاند بە فەرمی بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

لە مانگی مای ساڵی ٢٠٢٢ فینلاند و سویید بە بیانووی شەڕی ئۆکرانیا داوای پەیوەست بوون بە ناتۆیان کرد. پێشتر لە نێو ٣٠ ئەندامی ناتۆ، تورکیا و هەنگاریا داواکەی فینلاند و سوییدیان پەسەند نەکردبوو.

دووشەممەی ڕابردوو پەرلەمانی هەنگاریا پڕۆژە یاسای ئەندامێتیی فینلاند لە ناتۆی پەسەند کرد.

میدیاکانی تورکیاش ڕایانگەیاند کە «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیا بە بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ ڕەزامەند بووە و واژۆی لەسەر کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، «ماتیوس مۆراڤیسکی» سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە فینلاند بە فەرمی بوو بە ئەندامی ناتۆ.

«مۆراڤیسکی» لە تویتەر پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و نووسی: فینلاند ئێستا ئەندامی ناتۆیە، لەمەودوا ئەم ڕێکخراوەیە ٣١ وڵاتە.

ڕۆژی دووشەممە «یێنس ستۆڵتنبێرگ» سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، فینلاند لە چوارەمی ئاپریلەوە بە فەرمی دەچێتە نێو ناتۆ و ئاڵای ئەم وڵاتەش لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل هەڵدەکرێت.

کاربەدەستانی ڕووسیا هۆشدارییان داوە کە پەیوەست بوونی فینلاند بە ناتۆ مەترسی پێکدادانەکان زیاتر دەکات.

342/