AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
پێنجشەممە

٣٠ ئازار ٢٠٢٣

٢:٣٢:٢٦ د.ن
1355064

ئەردۆغان: ڕێگە نادەین ڕۆژئاوا بەشەڕی دژی ڕووسیامان تێوەگلێنێ

«ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند: بەرخۆدانی ئەنقەرە لە بەرامبەر هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ تێوەگلاندنی تورکیا بە شەڕی دژی ڕووسیا بووە هۆی ئەوەی کە لەم پلانەدا شکست بهێنن.

سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ دوای ئەوەی لەگەڵ هاوتا هەنگارییەکەی قسەی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی بەنیازە وەک ناوبژیوانێک لە نێوان مۆسکۆ و کییەف دا مامەڵە بکات و وتیشی: پێدەچێت «ڤلادیمێر پوتین» سەرۆکی ڕووسیا لە ٢٧ی ئاپریل دا سەردانی تورکیا بکات.

ئەردۆغان ڕایگەیاند کە ئەنقەرە ھۆگری ئەوەیە کە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی ئەستەمۆڵ بە ئامادەبوونی شاندەکانی ڕووسیاو ئۆکرانیا بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە ململانێکان دەست پێ بکاتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە «ئیبراهیم کالین» وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی بەشداری لە گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا ناکات و ھەر لەبەر ئەمەش ڕێوشوێنەکانی ڕۆژئاوا ناکاریگەر بوونە.

کاردانەوەی نەرێنیی تورکیا بەرامبەر بە بایکۆتەکانی ڕۆژئاوا دژی ڕووسیا، بەرپرسانی ڕۆژئاوا و ئەمریکای توڕە کردووە.

«برایان نیلسۆن» بەرپرسێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، وێڕای هۆشداری دان بە ئەنقەرە لە بارەی زیادبوونی دەیان ملیۆن دۆلاریی هەناردەی تورکیا بۆ ڕووسیا، ڕایگەیاند، ئەم بابەتە نیگەرانیی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە.

ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دوابەدوای پێکدادانەکان لە ئۆکرانیا سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

342/